ئايا دەکرێ بەو دروشمانەی پارتی بڕوا بکەين؟
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦
49
دروشمەکانی پارتی بۆ بەغدا بریتین لە: “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان.” ئەم دروشمانە و داخوازیی جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەت ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە ماددەی (١٤٠) و دیموکراسی و فیدراڵییەوە هەیە، زۆر گرنگن؛ بۆیە نەك تەنيا ئەرکی پارتی، بەڵکوو هی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و هەموو خەڵکی کوردستانيشە، کە خەباتیان لەپێناودا بکەين.
کەواتە دەبێ پارتی بڕوای تەواوی بەو پرەنسیپانە هەبێت، بۆیە کردوونی بە دروشمی سەرەکی خۆی !
دەمەوێ لەو ڕوانگەيەوە چەند سەرنجێکی پێويست لەو دروشمانە بدەم:
هاوبەشی: واتە هاوبەشیی کورد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ديارە تەنیا بەشداریکردن هاوبەشی ناگەيەنێ، بەڵکوو دەبێ بەشدارییەکە لەپێناوی هاوبەشیی ڕاستەقینەدا بێت. چونکە ئەگەر کورد هاوبەش بێت؛ یەکەم، بڕیاری سیاسیی عێراق گرنگتر و کاریگەرتر دەبێت و دووەمیش، ستەمە نەتەوەیی و سياسی و مەزهەبی و ناوچەییەکان نامێنن، بەڵام ئایا ناوڕۆکی ئەم دروشمە گرنگە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، هەر کەسێکیش بەڵگەی بوێت هەگبەمان پڕە.
-هاوسەنگی: ئەمەش دروشمێکی گرنگە، چونکە لە سایەی هاوسەنگیدا دادپەروەری و دیموکراسی گەشە دەکەن. بەڵام ئایا لە ناوخۆی هەرێم جێبەجێ کراوە؟
بەدڵنیاییەوە نەخێر؛ ئەگەر مانگ لە چواردە بێت، پێویست بە پەنجە بۆ ڕاکێشان ناکات!
-سازان: پێکەوەهەڵکردن و ڕێککەوتن لەپێناوی ئایندە و بەرژەوەندیی هاوبەش، بۆ هەمووان وەک ئۆکسجین پێویستە. بێگومان سازانیش بەبێ دیدی هاوبەش و سازش بۆ
یەکتری دروست نابێت؛ سازشیش واتە "لە زۆر، زۆر بدرێت و لە کەم، کەم".بەڵام ئایا لێرەش هەڵومەرجەکانی بڕياردان بە زۆرينە و کەمينە لەبارن؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
خۆ ئەگەر سازان هەبووایە، ئەوا ئەنجامی حکوومەت بەم رۆژە نەدەگەیشت!
پرەنسیپەکانی تریش بە هەمان شێوەن؛ چونکە ئامانجێکی سەرەکیی فیدراڵی، دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە. ئەوە چەندین ساڵە دەسەڵاتی کردەيی و سەرەکی لە دەستی پارتیدایە، ئایا خۆی ئەو دروشمەی لێرە جێبەجێ کردووە؟ هەر ئەوەندە دەڵێم: نا.
رەنگە هەبێ بڵێ ئەو باسە يەکێتيش دەگرێتەوە.
ئەوە راستە، چونکە دەبوو لانی کەم ئەو هەموو ساڵانە لە بەرامبەر ئەو بابەتە گرنگە بێ دەنگ نەبووايە، بەڵام لە گرتنەڕی ئەو سياسەتەش زيانمەندی يەکەم يەکێتی بووە.
دیموکراسی و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش هەر مەپرسە !
مخابن ڕۆژ دوای ڕۆژ لە سەرتاسەری هەرێمدا بەرەو دواوە پاشەکشە دەکەن.
ئەگەر ئەو دروشم و خواستانەی پارتی ڕووبەڕووی بەغدایان دەکاتەوە ئەگەر لێرە جێبەجێ بکرێن ،ئەوا نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو تەواوی لایەنە سیاسییەکانیش پشتگیر دەبن و بەرامبەر بە بەغداش يەك دەنگ دەبين، بەڵام چۆن بڕوا بەم "بانێک و دوو هەوا؛ زەقەيە دەکرێت؟
ئايا کاتی ئەوە نەهاتووە بە نموونە جوانەکانمان داخوازيیە رەواکانمان بسەپێنينە سەر بەغدا ؟




