ڕێبەرییەک بۆ کارکردن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦
30
چوار پێشنیار: ڕێبەرییەک بۆ کارکردن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لیو جیون، كونسوڵی گشتی چین له ههولێر
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ناسەقامگیرە و دوایین خولی ململانێکان پەرەی سەندووە و ئازارێکی بێئەندازەی بە وڵاتان و گەلانی ناوچەکەدا گەیاندووە. شەڕەکە زیانێکی زۆری بە خەڵکی مەدەنی و ژێرخان و گەشەپێدان گەیاندووە و هەڕەشە لە ڕێڕەوی وزە و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی دەکات. مێژوو هەمیشە سەلماندویەتی کە شەڕ ئاسایشی ڕاستەقینە مسۆگەر ناکات، بەڵکو دابەشبوونەکان قووڵتر دەکاتەوە و ناسەقامگیری درێژ دەکاتەوە. ئێستاش گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە گۆڕەپانێکی نێوان شەڕ و ئاشتیدا وەستاون، زیاتر لە جاران داوای ئاشتی دەکەن.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە ئاڵۆز و مەترسیدارەدا، چین وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتێکی گەورەی بەرپرسیار، چالاکانە و لە چەندین رێگەی جیاوازەوە کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسانکاری بۆ دانوستانەکان. وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ هاوتاکانی لە ناوچەکەدا پاراستووە و نێردەی تایبەتی چین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی خولێکی دبلۆماسییە. چین بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵیی بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستۆتە ڕوو و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی و پاراستنی ئامانجە ناسەربازییەکان و ڕێڕەوی کەشتیوانی و بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەم هەوڵانە هەڵوێستی بابەتیی و بێلایەنی چین دەردەخات، هەروەها هەستی بەرپرسیارێتی وەک وڵاتێکی گەورە نیشان دەدات.
لەم دواییانەدا، سەرۆک شی جینپینگ چوار پێشنیاری سەبارەت بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستەڕوو.
یەکەم: پابەندبوون بە بنەمای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە. وڵاتانی کەنداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوسێی نزیکن کە ناتوانرێت لەیەک جیابکرێنەوە. گرنگە پشتگیری وڵاتانی کەنداو بکرێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان، کارکردن بۆ بنیاتنانی تەلارسازییەکی ئەمنی هاوبەش، گشتگیر، هەماهەنگ و بەردەوام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو، و چەسپاندنی بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
دووەم: پابەندبوون بە بنەمای سەروەری نەتەوەیی. سەروەری وەک بناغەیەکە بۆ هەموو وڵاتان و بەتایبەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتو بۆ مانەوە و گەشەکردنیان و نابێت پێشێل بکرێت. پێویستە بە جددی ڕێز لە سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی کەنداو بگیرێت و سەلامەتی هاوڵاتیان و دامەزراوەکانیان بە توندی بپارێزرێت.
سێیەم: پابەندبوون بە بنەمای سەروەری یاسای نێودەوڵەتی. پێویستە دەسەڵاتی سەروەری یاسای نێودەوڵەتی بپارێزین و نابێت بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو بەکاربهێنرێت و هەروەها نابێت جیهان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە یاسای دارستان بەڕێوەی ببات. گرنگە بە توندی پشتگیری لە سیستەمی نێودەوڵەتی بکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕۆکیدایە، سیستهمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و ئەو ستانداردە بنەڕەتیانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن کە بە ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری دهكرێن.
چوارەم: پابەندبوون بە ڕێبازێکی هاوسەنگ بۆ گەشەپێدان و ئاسایش. ئاسایش مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدان و لە بەرامبەردا گەشەپێدانیش گەرەنتی ئاسایش دەکات. هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ دروستکردنی کەشێکی تەندروست و پاڵپشتی گەشەسەندنی ئەرێنی لە وڵاتانی کەنداودا. چین ئامادەیە لە ڕێگەی نوێگەری چینییەوە دەرفەتەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا هاوبەش بکات، و لەگەڵیان کاربکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی بەپیت بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی ناوچەکە.
چوار پێشنیارەکە بریتین له ڕێنماییە کردارییەکانی چین، کە بە پشتبەستن بە دۆخی ئێستا و بە ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن خراوەتەڕوو، بە ئامانجی پێشخستنی گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاوەوە بۆ سەقامگیری. هەروهها ئهمانهش لەگەڵ چەمکە گرنگەکان دهگونجێت کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، لەوانە دیدگای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی و دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی (GSI). دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی داکۆکی لە دیدگای ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر و ههماههنگ و بەردەوام دەکات، ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان وەک بنەمایەکی بنەڕەتی دادهنێت، ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێنمایییەکی گرنگ دەپارێزێت، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژکارییەوە وەک تاکە ڕێگای بژاردە دەزانێت و جەخت لەسەر هەماههنگی پرسە ئەمنییەکانی نەریتی و ناتەقلیدی دەکاتەوە بۆ چارەسەركردنی بنهڕهتی ململانێکان. لە ژێر بارودۆخی ئێستادا، چوار پێشنیارەکە بریتین له جێبهجێكردنی كرداری بۆ دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پشتگیرییەکی كرداری پێشکەش دەکات بۆ هێوركردنهوهی دۆخەکە و نیشاندانی ڕێبازی سیستماتیکی چین بۆ پێشخستنی ئاشتی بەردەوام و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
وهک دانیشتویهكی هەرێمی کوردستانی عێراق، ههستی قووڵی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بەو ئازار و ئهو کاریگەریانهی کە شەڕ و ناسەقامگیری هێناویهتی بۆ ئهم خاكه لهگهڵیاندا هاوبهش دهكهین. بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوودا، خەڵکی ههرێمی كوردستانی عێراق هەوڵی گهورهیان داوە، لە ژێر بارودۆخێکی ئاڵۆز و قورسدا، بۆ گەڕان بەدوای ڕێگادا بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدان و بۆ بنیاتنانی نیشتیمانێكی باشتر.
چین هەمیشە دۆستێکی دڵسۆزی عێراق بووه بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لەسەر بنەمای ڕێزگرتن له یەکتر، ئێمە ئامادەین بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ههماههنگی لەگەڵ ههرێمی كوردستانی عێراق لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی، ئاڵوگۆڕی گهلان و پەروەردە، بهئامانجی پێشخستنی گەشەپێدانی هاوبەش. لە هەمان کاتدا چین هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان به هەرێمی کوردستانی عیراقیشهوه بەهێزتر دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەو چوار پێشنیارەی کە سەرۆک شی جینپینگ پێشکەشی کردووە و بە هاوبەشی كاركردن بۆ پەروەردەکردنی ژینگەیەکی ئەمنی سەقامگیرتر و بەردەوامتر لە ناوچەکەدا.
بەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان ناتوانێت چێژ لە سەقامگیرییەکی بەردەوام وەربگرێت. چین ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامبوون لە بنیاتنانی ههماههنگی بۆ ئاشتی، و یارمەتیدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئهوهی به زووترین كات لە سێبهری ململانێکانهوه دەربچێت، و هەنگاو بەرەو داهاتوویەک بنێت كه چێژ له ئاشتی و گەشەسەندنی بەردەوام وهربگرێت.




