ئەنفالی دادو ڤیغان، دادپەوەری و ژیانی شایان
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
33
ئەنفال حوزنی ئەبەدی نیشتمان، ناونیشانی زوڵم و ستەمی داگیرکەری بەعس، نەزیری لابردووی ترس و دڵەراوکێی نەتەوەیەک تا ئێستا دڵنیایی یەکجارەکی وەرنەگرتووە کە ئیتر خۆری داد و ژیانی لێ هەڵاتووە و تارمایی دادو فیغانی لا هەڵاتووە و پایدۆزی لێ کردووە.
ئەنفال پرۆسەیەک ساڵانی قەوماوی دوا بڕاوی رابردووە و گەرەکە تۆماری گشتی دڵۆپی فرمێسک و خنکاوی هەنسک و هەڵکێشانی ئاخ وهەناسەی سارد بکەین و بەڵگەمەند ببێت بۆ عیبرەت و غیرەت و تیژی یادەوەری.
بەڵام ئەنفال بێ روانگەیەکی کوردستانیی پاک و پایەدار و بێ دیموکراسییەکی شایان بە قوربانی قڕکردنمان و بوژانەوەیەکی دادپەروەرانەی دوور لە فڕکان فڕکانی مۆنۆپۆلی نەوت و پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و داڕزانی بەها گەورەکانی کوردایەتی لە پەنا چەواشەکاری و کەڵەگاییەوە، ترسێکە جارێ بەتەواوی نەڕەویوەتەوەو خورپەیەکی حەیفە خوانەخواستەی ڕاستەقینەی دەوێت کە تا ئەبەد گرەنتی داهاتووی میللەتە ئەنفالدیدە و کیمیاویزەدەکەمان بکات و بڵێ ئاوەوئاو چوو.
هەقمانە دەست لەسەر دڵ بین دوای چارەکە سەدەیەکی تازە کە دەور و پشتمان ماشەڵڵا هێشتا تەڤلی سەدەی بیست و یەک نەبووە و خەیاڵی زۆرداری پێشین و تامی دووپاتکردنەوەی هەروا لە سەریا.
هەقمانە چاونەتروکێنین و یەکبارە غافڵ نەبین تا غافڵکوژ نەبین کە زۆرانبازی پاکژ و جوامێرانە دەگمەنە، ئەگەر نەیژین هەر نەماوە.
هەقمانە بەرگی زیللەت و عیللەتمان بە یەکجاری لەبەر نەتەکاندووە و چڵکی نا ئومێدی و نا حەزی و نا پەسەندیمان پەڵەدارە و خاسمان نەشۆردووە، بەڵام زیاتریش لەوەی هەقمانە لەسەرمانە خۆمان باشتر تەیار بکەین و باشترینەکانی کۆمەڵەکەمان بۆ ئەرکی نەبەردی داهاتوو پێشبخەین و پێشمەرگە بن، چونکە دژوارترە و درێژتر لە رابردوو زەحمەتی و شەونخونی گەرەکە.
ئەوی دێ گاڵتە و جەڤەنگ نییە و پشتێن شلی و خەیاڵخاوی قەت دادی نادا، ئەوی دێ جوامێر، مێرخاس و خانمخاسی ئەوپەڕی وزە و ورەی پێویستە. رۆژانی وا لە پێشە وای دەوێ.
خودایە ئەنفال بڕوا نەیەتەوە و ئیقبالی کورد بگەشێتەوە.
ڤیغان بەس بێ و ژیان با بێ. دادمان گوێ لێگراوبێ و بێ دادی تەوەلا بکرێت. هاوارمان هەر هی ناڵینی گەرمیانی داخکراو نەبێ، گازی و بانگەوازی کوردستانی سەرفراز بێت.
سەرمان لە ناو نەتەوەکان بڵند بێت و جبرانی رابردومان بۆ دابین بکرێت.




