کوردستان...
هەناسەیەکە لە سینەی ئاسمان،
رووبارەکانی بە ئارامی دەڕۆن،
بەڵام...لە بنیاندا،
هەزاران خەونی قووڵ دەژین.
جوگرافیا بۆ هەندێک نەتەوە باوەشێکی گەرمە، بەڵام بۆ کورد زیندانێکی تاشەبەردینەیە کە دیوارەکانی بە خوێن و مێژووەکەی بە غەدر نەخشێنراوە. دەگوترێت "جوگرافیا قەدەرە"، بەڵام کاتێک ئەم قەدەرە دەبێتە پردی پەڕینەوەی ئیمپراتۆریەتەکان، نەتەوەیەک دەبێتە قوربانیی شوێن و باجی مانەوەی خۆی دەدات؛ مێژوویەک لە غەدر و جوگرافیایەک لە ئاگر بوو بە نەسیبی ئێمەی کورد.
مێژووی ئێمە، مێژووی شکانی قەڵەمەکانە لەبەردەم شمشێر و خەنجەردا. هەر لەو رۆژەوەی شەرەفخانی بەدلیسی لە "شەرەفنامە"دا ئازارەکانی کوردی وەک ئاوێنەیەک نیشانداین، تێگەیشتین کە ئەم نیشتمانە لەنێوان دوو بەرداشی گەورەدا (عوسمانی و سەفەوی) دەهاڕدرێت. شەڕی چاڵدێران (1514) تەنها جەنگێکی مەزهەبی نەبوو، بەڵکو یەکەم چەقۆ بوو کە جەستەی کوردستانی کرد بە دوو کەرتەوە. ئەوە ساتێک بوو کە مێژوو بە دەستی هێز نووسرا، نەک بە دەستی دادپەروەریی؛ سەرکەوتنێکی سەربازی و شکستێکی مرۆڤایەتی بوو.
ئەم غەدرە لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیشدا دووبارە بووەوە؛ کاتێک نەخشەی جیهان بە جەستەی ئێمە کێشرا و "کوردستان" بوو بە قوربانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە تەنها دەردی ئێمە نییە؛ مێژوو دەمانبات بۆ لای پۆڵەندا لە ئەوروپا، کە چۆن لەنێوان رووسیا و ئەڵمانیادا بوو بە قوربانی، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە کورد هێشتا لەناو ئەم "بازنەی غەدرە"دا دەخولێتەوە.
دوای شۆڕشەکانی کوردستان و سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ و راماڵینی دوژمن لە راپەڕینی بەهاری ساڵی (1991)، قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست بوو. دواتریش رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە ساڵی (2003) و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ساڵی (2005)، کە تێیدا لە ماددەی (140)دا رێگای چارەسەرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەستنیشان کراوە. بەداخەوە تا ئێستا ئەم ماددە دەستوورییە پشتگوێخراوە و وەک وادەیەکی دواخراو ماوەتەوە. بەهۆی تێکچوونی تەرازووی هێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو عیراق، جێبەجێکردنی گرانبووە و ئەو ناوچانە بوونەتە مەیدانی ناکۆکی. لێرەدا، سیاسەتی ئەقڵانی و یەکدەنگی پێویستترین شتە؛ ئەوەی یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنەکان دەبێت لەسەری کۆببنەوە، نەک بۆ دەسەڵات، بەڵکو بۆ پاراستنی ماف و داهاتووی هەرێمەکەمان.
ئەمڕۆ، غەدری مێژوو لە چوارچێوەی جێبەجێنەکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عیراقدا خۆی دەبێنێتەوە. ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەو خاکەی کە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە، بووەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و ئیداری. ئەمە تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بەردەوامیی هەمان ئەو باجە جوگرافییەیە کە کوردستانی کردووەتە چەقی ململانێ ناوچەییەکان.
لەبەردەم ئەم هەموو تەم و مژەدا، پێویستمان بە سیاسەتێکی ئەقڵانی و یەکدەنگیی نیشتمانی هەیە. رکابەریی نێوان جەمسەرە سیاسییەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە، نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بنەما نەتەوەییەکان. یەکڕیزی تەنها دروشم نییە، بەڵکو پێویستییەکی مان و نەمانە. وەک چۆن سەرکردە داناکان دەڵێن: "ئەو نەتەوەیەی لەناوخۆیدا پارچەپارچە بێت، جوگرافیا وەک نێچیرێکی ئاسان پێشکەشی مێژووی دەکات."
ئێمە قەرزاری ئەو سوارچاکانەین کە گیانی خۆیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەم خاکە. ئەمانەتی شەهیدان تەنها پاراستنی سنوور نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆی ئەو مرۆڤەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژی. رابردوومان پڕە لە شکست و غەدر، بەڵام ئایندەمان دەبێت بە ئەقڵ و یەکڕیزی بنەخشێنین.
پێویستە کورد لە "قوربانیی جوگرافیا"وە ببێتە "بزوێنەری مێژوو". خەونەکانمان نابێت لە سنووری خەیاڵدا بمێننەوە. ئەگەر دوێنێ جوگرافیا باجی لێ سەندین، دەبێت سبەی بە هێزی ئەقڵ و یەکگرتوویی، جوگرافیا ناچار بکەین شکۆمان بۆ بگەڕێنێتەوە. مێژوو تەنها بۆ ئەوانەیە کە یەکدەنگن، وەک چۆن فەیلەسوفەکان دەڵێن: "هێز لە یەکبووندایە، وەک چۆن رووناکیی لە یەکگرتنی تیشکەکاندایە."
مێژوو ئەگەرچی پڕە لە غەدر، بەڵام هێشتا دەرفەتی نوێ ماوە. کوردستان دەتوانێت لە باجی جوگرافیاوە بگۆڕێت بۆ هێزی جوگرافیا؛ ئەگەر دەنگەکان یەک بگرن و هەڵوێستەکان یەکبن، ئاسۆ روون دەبێت و سەرکەوتن نزیک. بە یەکگرتوویی و بڕیارێکی ئەقڵانی، هەرێمی کوردستان دەپارێزرێت. لەنێوان رابردوو و ئایندەدا، دەبێت بڕیار بدەین: ئایا بەردەوام بین لە ژیانی ناو غەدر، یان دروستکردنی مێژوویەکی بێ غەدر؟
با لە کۆتاییدا لە یادمان بێت، ئەگەرچی مێژوو غەدری لێ کردووین، بەڵام وەک شاعیری گەورەی ئینگلیز، ویلیام ئێرنست هێنلی دەڵێت: "من خۆم سەروەری قەدەری خۆمم"؛ ئەم دێرە شیعرە بوو بە ئیلهامبەخشی نیڵسۆن ماندێلا لە زینداندا. ئێمە دەتوانین بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، لاپەڕە وێرانەکانی رابردوو دابخەین و وەک پیرەمێردی نەمریش دەڵێت: بە یەکدەنگی مافە رەواکانمان لەناو ئەم خاک و خۆڵەدا بپارێزین و مێژوویەکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو بنەخشێنین.