دوای 40 رۆژ لە ململانێی توند لە کۆتاییدا دوو وڵاتە سەرسەختەکە گەیشتە راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستان.


ئەمریکا ئاگربەست وەک سەرکەوتنێکی تەواوەتی بۆخۆی رادەگەیەنێت و ئێرانیش 10 مەرجی خستووەتەروو و دەڵێت: سازش لەسەر هیچ کام لە خاڵەکان ناکەن.
هەردوولا کۆکن لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام ئێران سورە لەسەر ئەوەی کردنەوەی گەرووەکە و هاتوچۆ بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت و دەشیەوێت لەمەودوا بۆ تێپەڕینی هەر کەشتییەک باج وەربگرێت و باجی بەشێک لەکەشتییەکان دەگاتە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار.


ئێران دەشیەوێت، ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی خۆی کە لەبنکە جیاجیاکانی ناوچەکەدا جێگیرکردبوون پاشەکشە پێبکات و شەڕ دژ بەبریکارەکانیشی رابگیرێت. لەبەرامبەردا ئیسرائیل بەتوندی رەتیدەکاتەوە شەڕی لوبنان و حزبوڵا رابگرێت و ئەمریکاش راگرتنی هاوکارییەکانی ئێرانی بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە کردووە بە مەرج.


هاوکات، ئێران جەختدەکاتەوە لەسەرئەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت و پارە بلۆککراوەکانی لەبانکەکانی جیهاندا ئازادبکرێت، هەروەها قەرەبووی سەرجەم زیانەکانی ئەم جەنگەی بۆبکرێتەوە، دەشیەوێت خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەئەنجومەنی ئاسایشدا جێگیربکرێت و بکرێت بە یاسایەکی نێودەوڵەتی.


هەرچی لایەنی ئیسرائیلە ئاگربەستەکەی قبوڵە و کۆشکی سپیش ئەرێنییە بەرانبەر بە مەرجەکانی ئێران و وەک بنەمای سەرەکی بۆ بەردەوامی دانوستانەکان ناویدەبات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بێمەرج نییە و هەر لە 25ی مانگی رابردووەوە 15 خاڵی وەک بنەمای سەرەکی رێککەوتن خستووەتەروو، کە گرنگترینیان پرسی ئەتۆم و سنوردارکردنی توانا موشەکییەکانی ئێرانە.


ئەمریکا دەیەوێت ئێران بەڵێنبدات هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخاكەكەیدا ناهێڵێتەوە، دەشڵێت: دەبێت ئێران تەواوی كۆگای ماددە پیتێنراوەكان كە بە 450 كیلۆگرام و بەرێژەی 60٪ دەخەمڵێنرێت، رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بكات و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی لەكار بخات، هەروەها بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران کە لەداهاتوودا بۆ ئاشتی بەکاریدەهێنێت روون بێت.


راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی ئەو جەنگە سەختە کاردانەوەکانی خێرابوون و وڵاتانی جیهان پێشوازی لێدەکەن، کاریگەرییەکەشی بەبازاڕی وزەوە دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایانی سیاسی دوودڵی خۆیان دەردەبڕن و باس لەوەدەکەن، مەرجەکان خاڵی قورسی بۆ هەردوولا تێدایە و ئەو دوو وڵاتە بە ژیلەمۆیەک ناودەبەن، کە دیارنییە لەگەڵ چ شنەبایەکدا دەکرێت دووبارە ئاگر بگرنەوە.