23 ساڵ بەسەر پڕۆسەی رزگاركردنی عیراق تێدەپەڕێت
٩ی نیسانی ٢٠٢٦
23 ساڵ لەمەوبەر لە 9ی نیسانی 2003، ئەمریكا و هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی عیراقیان بۆ لەناوبردنی رژێمی بەعس دەستپێكرد. دوای تێپەڕبوونی 21 رۆژ بەسەر شەڕەكەدا، شاری بەغداد بەتەواوی كۆنترۆڵكرا و پەیكەری سەدام حوسێن لە ناوەڕاستی پایتەخت شكێندرا .
رۆژی 9ی نیسانی 2003، وەك وەرچەرخانێكی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماركرا، كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی واشنتۆن توانییان بە تەواوی كۆنتڕۆڵی بەغدادی پایتەخت بكەن.
لەو رۆژەدا و لە گۆڕەپانی فیردەوسی، رووخاندنی پەیكەری سەدام حسێن بووە رەمزی كۆتاییهاتن بە رەوشێكی پڕ لە ستەم و چەوسانەوە كە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە باڵی بەسەر عیراقدا كێشابوو.
ئەم رووداوە تەنیا گۆڕینی دەسەڵات نەبوو، بەڵكو كۆتاییهاتنی قۆناغێكی تاریك بوو كە تێیدا هەموو پێكهاتەكان، بەتایبەت گەلی كورد، رووبەڕووی دڕندانەترین شێوەی پاكتاوی رەگەزی و جینۆساید بوونەوە.
رژێمی بەعس لە ماوەی دەسەڵاتداریدا، چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا.
لە 16ی ئازاری 1988، شاری هەڵەبجەی كیمیاباران كرد و بووە هۆی شەهیدبوونی 5000 هاووڵاتی بێتاوان.
جگە لەمەش، شاڵاوەكانی ئەنفال كارەساتێكی تر بوون كە تێیدا 182 هەزار كورد بێسەروشوێن كران.
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەكان، ئێستاش گۆڕە بەكۆمەڵەكان گەواهی ئەو دڕندەییە دەدەن كە دەرهەق بە كورد كراوە.
ئەم رژێمە هیچ سنوورێكی بۆ فشار و سەركوتكردنی نەیارەكانی نەدەناسی و هەموو تواناكانی بۆ پاراستنی كورسییەكەی بەكاردەهێنا.
سەدام حسێن ، كە لە 28ی نیسانی 1937 لە گوندی عۆجە لەدایكبووە، لە ساڵی 1979دا بە رەسمی بووە چوارەم سەرۆك كۆماری عیراق.
ئەو پێشتر رۆڵی سەرەكی لە كودەتای 17ی تەموزی 1968دا بینیبوو و هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی لە دەستی خۆیدا كۆكردبووەوە.
سەدام نەك هەر وەك سەرۆك كۆمار، بەڵكو وەك ئەمینداری گشتی حزبی بەعس و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش مامەڵەی دەكرد، ئەمەش وایكردبوو كە هیچ لێپرسراوێكی تر نەتوانێت بەبێ رەزامەندی ئەو بڕیار بدات.
پرۆسەی ئازادیی عێراق لە 20ی ئازاری 2003 بە یەكەم گورزی ئاسمانی دەستیپێكرد، دوای تێپەڕبوونی تەنیا چەند هەفتەیەك، لە 9ی نیساندا رژێمەكە هەرەسی هێنا.
سەدام حسێن دوای ماوەیەك خۆشاردنەوە، لە 13ی كانوونی یەكەمی 2003 لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا دەستگیركرا.
پاش دادگاییكردنێكی درێژخایەن و ئیمزاكردنی بڕیاری لەسێدارەدانی، لە سەعاتەكانی سەرەتای رۆژی 30ی كانوونی یەكەمی 2006دا سزاكەی بەسەردا جێبەجێكرا و كۆتایی بە ژیانی یەكێك لە مەترسیدارترین دیكتاتۆرەكانی سەدەی بیستەم هات.



