شوناسی نەتەوەی لەنێوان نەوەی نوێ و خەباتی پێشوو
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦
126
شوناسی نەتەوەی لەنێوان نەوەی نوێ و خەباتی پێشوو
خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی ـ سیاسی
شوناسی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەباتدا خۆی لەنێوان(شوناسی پاراستن و شوناسی گۆڕان) دەبینێتەوە یەکەم، شوناس خۆی لە پاراستنی میرات و بیرەوەریی خەبات دەبینێتەوە .
دووەم - شوناس پشت دەبەستێت بە توانای دروستکردنی داهاتوو و دامەزراندنی سیستەمێکی کارامە. ئەم دوو تێگەیشتنە تەنها جیاوازییەکی تەمەنی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە شێوازی بیرکردنەوە، ئامانج و شێوازی خەباتکردن.
لە زۆربەی مێژووی کۆمەڵگەکاندا، نەوەی پێشوو خەباتیان بۆ ئازادی وناسنامە و مانەوەی مافە بنەڕەتییەکان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، شوناس بەواتایی قوربانی و بەرگریكردن دێت. نەتەوە وەک یادی هاوبەش و میراتێکی پیرۆز دەبینرێت کە دەبێت بپارێزرێت. ئەم گێڕانەوەیە هێزێکی هەستیار و یەکگرتوو دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی هێمایی بۆ بەدەستهێنانی باوەڕی سیاسی.
بەڵام گۆڕانکارییە جیهانییەکان و گەشەی تەکنەلۆژیا شێوازی تێگەیشتن لە شوناسی گۆڕیوە. نەوەی نوێ شوناس بە ئەنجام و کارامەیی دەبەستێتەوە. بۆ ئەم نەوەیە، شوناس بە مانای بەرقەراربوونی دادپەروەری، یەکسانی و هاودەرفەتی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەو بنبڕكردنی جیاوازییەكان دێت. خەباتی ئەم نەوەیە زیاتر مەدەنی و رەخنەییە؛ داوای شەفافێتی دامەزراوەکان و گۆڕانکاری لە داب و نەریت و کلتور بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم دەكات، نەتەوە لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینەدا، پاراستنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو دامەزراندنی داهاتوویەکە لەسەر بنەمای یادەوەری هاوبەشە بنیاد بنرێت.
کێشە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە شوناسی پاراستن ببێتە ئامرازێک بۆ داخستنی گۆڕان. ئەگەر سەرمایەی هێمایی خەبات تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاربهێنرێت، شوناس دەگۆڕێت بۆ میکانیزمی وەستاندن. لە بەرامبەردا، ئەگەر شوناسی گۆڕان بە تەواوی لە ڕیشە و بیرەوەری ببڕێت، مەترسیی بێڕیشەبوون و لاوازبوونی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. بۆیە هیچ یەکێک لەم دوو تێگەیشتنە بە تەنها چارەسەر نییە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
چۆن دەتوانرێت میراتی خەبات بپارێزرێت بەبێ ئەوەی ببێتە بار بۆ گۆڕان؟
ئایندەسازی نەتەوە لە دووبارەکردنەوەی خەباتی کۆن نییە؛ بەڵکو لە دینامیکیکردنی شوناس و گونجاندنی بە بارودۆخی نوێدایە. کە خۆی لە کارلێکكردن لەنێوان مێژوو، کۆمەڵگە، سیاسەت و نەوەکاندا دەبینێتەوە . كە لە چوارچێوەی یادگارییەکی هێمن و لەسەرخۆ بگۆڕدرێت بۆ چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەش. واتە مێژوو ببێتە بنچینە، نەوەك سنوور؛ و داهاتوو ببێتە ئامانج، نەوەك هەڕەشە. هەرچەندە لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەبات، ئەگەر گێڕانەوەی نەتەوە تەنها لەسەر قوربانی بمێنێتەوە، نەوەی نوێ خۆی لەو گێڕانەوەیەدا نابینێتەوە. بەڵام ئەگەر مێژوو وەک وانەیەک بۆ دامەزراندنی دادپەروەری و سیستەمی کارامەیی بەکاربهێنرێت، شوناس دەبێتە سەرچاوەی پێشکەوتن.
لە کۆتاییدا، نەتەوە ئەگەر تەنها بیرەوەری و گێڕانەوەی مێژوو بێت، دەبێتە موزەخانە؛ ئەگەر تەنها گۆڕان بێت، دەبێتە هۆی نەمانی ناسنامە، بەڵام هێزی ڕاستەقینە لەو هاوسەنگییەدایە کە مێژوو دەبێتە بنچینە و داهاتوو دەبێتە ئامانج.
لەو شوێنەدا شوناسی نەتەوەیی دەبێتە بنچینەی پێشکەوتن و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، نەوەك سەرچاوەی پێکدادان.



