لە تاوانی تاک بۆ تاوانی سیستەم: خوێندنەوەیەكی کۆمەڵناسیانە بۆ کەیسی جێفری ئێپیستین
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
94
ئێپیستین بە تەنها چیرۆکی تاوانێکی ئەمریکی نییە،
بەڵکو ئاگادارییەکی گشتییە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی. ئەم کەیسە پێمان دەڵێت کە تاوان، زۆرجار لە دڵی سیستەمەکانەوە سەرهەڵدەدات. بەجۆرێکی تر ئەوانەی کە خۆیان بە پارێزەری مرۆڤایەتی دادەنێن و بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن. کاتێک چاودێری لەسەر دەسەڵاتداران لاواز دەبێت یاخود نامینێت، یاسا بۆ هەمووان وەك و یەك جێبەجێ ناکرێت و قوربانی بێدەنگ دەکرێت و نابیسترێت ئەو کات، تاوانەکان دەبێتە شتێکی ئاسایی بە قێزەونترین شێواز لە بەرامبەر قوربانیەکانیان ئەنجامی دەدەن.
ئێپیستین هێمای ڕاستەقینەی تاوانە شاراوەکانی دەسەڵاتن، پێمان دەڵێت کە پارە، ناوبانگ و دەسەڵات دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ شکاندنی یاسا و سڕینەوەی سنووری ئەخلاقی و تێكشكاندنی ویژدان لە مرۆڤدا. لەم بارودۆخەدا، قوربانی بەتەنها ئازار ناكێشێت، بەڵکو وەکو تاوانباریش دەناسێندرێت، جارێک لەلایەن تاوانکارەوە، جارێکیش لەلایەن سیستەمێکەوە کە دەنگی نابیستێت.
بەداخەوە، دیاردەی "ئێپیستینەکان" تەنها لە ئەمریکا یان لە دورگەیەکدا دروست نابن و نین، بەڵکو سەدان ئێپیستینی تر ئێستا لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دروشمی مرۆڤایەتی و دادوەری و سەروەری یاسا بەرز دەکەنەوە، لەکاتێکدا لە ژوورە تاریکەکاندا، لە دوونیا خامۆشەکاندا، ویژدان و ئەخلاق ژێرپێ دەنێن.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات لە بەرزتر لە یاسا ببینرێت،
ناوبانگ و پارە و دەسەڵات لە دادپەروەری بە گرنگتر بزانرێت،
بتوانرێت قوربانی لەبەردەم یاسا دا بێدەنگ بكرێت، بوونی ئێپیستینەکان ڕاستییەکە و لە دڵی کۆمەڵگادا خۆیان حەشارداوە.
ئەوەی پێویستە كە مرۆڤایەتی پرسیاری لەبارەوە بكات كە ئەوەیە کە ئاخۆ کێ تاوانەکان ئەنجام دەدات؟ یان واباشترە بپرسین کە ئاخۆ كێ ڕێگە نە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە دەدات و بەردەوامی دەدات؟
لە کۆتاییدا، ئەگەر بمانەوێت ئەم كەیسە دووربێت لە كۆمەڵگەی كوردی و لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکەکان پارێزراوبێت، دەبێت هەر یەكێك لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی دەنگ هەڵبڕێت و هۆشیار بێت لەوەی کە ئێپیستین لە کۆمەڵگە درووست نەبێت. دەبێت لە جیاتی ئەوەی تاك بترسێنین و بێدەنگ بکرێت لەبەرامبەر تاوانە قێزەونەکان، فێریان بکەین هۆشیاریان بکەینەوە کە بە دەنگی بەرز ڕووبەڕووی ستەم و تاوانەکان ببنەوە. چونكە ترسناکترین قۆناغ لە کۆمەڵگاکاندا ئەوە نییە کە تاوانێک ڕوودەدات، بەڵکو ژیان کردن و ڕاهاتنە لەگەڵ تاوانەکان بەتایبەت کاتێک تاک فێردەبێت و ئاسایی دەبێت لەگەڵ تاواندا بژیت و بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.



