نیشتیمان جێناهێڵین
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
54
نیشتیمان بە تەنیا شوێنی لە دایکبوون و ناسنامەمان نییە، بەڵکو ئامانجێکە و دەبێت بۆی بژین و قوربانی لە پێناو بدەین، ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دەگوزەرێ، ئەوەی بە گوێی جیهاندا چرپاندی ئەوەیە کە ئیرادە لە ڕۆح گرنگترە، نیشتیمان لە گیان و ڕۆح گرنگترە، بڕینی کەزیی کچانمان ئیرادەی زیاتر دەدات بە ڕۆحی گەنجانمان و زیاتر ڕەگی خۆشەویستییان بۆ نیشتیمان دادەکوتێت.
جیا لەوەی برینی ڕۆژئاڤا جیهانی بە ئاگا هێنا لەوەی کە کورد یەک دەنگ و یەک ڕەنگە بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پشگیری گەنجانی هەرێمی کوردستانیش، جۆش و خرۆشی زیاتری خستە دڵی هەموو شەڕڤانان، ئەوەی لە شەقەماکانی شارەکان ڕوودەدات، وەڵامێکی کاریگەرە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانگووت گەنج هیوای بە وڵات نەماوە و شارەکان گەنجی تێدا نەماوە، هەموویان یاخود زۆربەیان یاخی بوون لە نیشتیمان و نیشتیمانی دایکیان بەجێهێشت، ئەم جۆش و خرۆشە بە تەنیا لە شەقامی سالم و سەهۆڵەکە و لای باخی گشتی سلێمانی نییە، پیرە کۆڵانەکانی هەولێر و لای قەڵا و سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان، ئەم گڕی خۆشەویستییەی نیشتیمان گەنجانی بە شەو و ڕۆژ هێنایە سەر شەقامەکان.
زۆر بوون ئەوانەی دەیان وت، گەنج هیچ دەربارەی کورد بوون نازانێت، بەڵام هەموو ئەمانە نامەیەک و پەیامێکی تۆقێنەر بوو بۆ هەموو جیهان، تاوەکو بزانن لەهەر جێگەیەک کوردێک بریندار بێت، بە ڕۆح و ماڵ پشتیوانن، ڕۆژئاڤا تەنیا سنورێکی جوگرافی نزیک نییە بۆ ئێمەی کورد، بەڵکو خوێنی نەتەوەیی لە گیانماندایە.
بژی بەرخۆدانێ ڕۆژئاڤا تەنیا هاواری گەنجێک و شەقامی شارێک نییە، ئەمە تەکید کردنەوەیە، کە گەنج وڵات بوونیاد دەنێ و مێژوو شاهێدی ئەم یەک دەنگی و یەک ئامانج و یەک خەون و یەک هەڵوێستییەی، گەنجانمانە، هەروەها بە هەموو جیهانیان وت وڵات و نیشتیمانمان بە تەنیا بەجێ ناهێڵین، گەنجی ئەم سەدەیە بە گەنجی سۆشیال میدیا ناسراون، بەڵام پشگیرییەکانیان سۆشیال میدیای کوردی و جیهانیی تەنیوە و چەک هەڵدەگرن وە دەچنە سەنگەری شەڕڤانانی ڕۆژئاڤا بۆ کوشتن و شەڕکردن نا، بەڵکو بۆ پارێزگاری کردن، لە دەست درێژی بۆ نیشتیمانمان و کەزیی کچەکانمان.
ئەوەی لەسەر شەقامەکان هاوار دەکات ''بژی ڕۆژئاڤا'' ئەمە بەتەنیا هاوار و برینی گەنج نییە، بەڵکو گەنج و پیر و هونەرمەند و مامۆستا و دایک و باوکمان و هاوار و پەیامی مامۆستایانی ئایینیشە، چونکە لێرەدا بابەتەکە بابەتی کوردایەتی و برینی پارچەیەکی دیکەی نیشتیمانمانە، بۆیە پێکەوە هەموو کۆمەک و هاوکاری و هاریکاری یەکدی دەکەین.
شێرکۆ بێکەس لە شیعرێکدا دەنووسێت؛''
"ئەگەر لە ناو شیعرەکانمدا گوڵ دەربێنن، وەرزێکم دەمرێت. ئەگەر ژن دەربێنن، عیشقم دەمرێت. بەڵام ئەگەر (ئازادی) دەربێنن، خۆم و شیعر و وڵاتم پێکەوە دەمرین''
بڕینی کەزیی کچەکانمان نیشاندانی ئاڵای نوێی نیشتیمانمانە، جگە لەوەی لە هەموو شەقام و ماڵ و فەرمانگە و زانکۆ و خوێندنگە و هەموو جێگەیەک کە خۆشەویستی نیشتیمانی تێدا چرۆی کردبێت، هۆنرایەوە و گەورەترین ئاڵای نیشتیمانیان کردە چاوی جیهان و نەیارانی وڵات.
ئەوەی ماوە بیڵێم، ئەگەر چی لەهەرێمی کوردستان بێ کاری، بێ موچەیی، ململانێی حیزبە سیاسییەکان و خراپی زۆربەی سێکتەرەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تاک بەتاک دروستکردووە، بەڵام ئەشێ جێی نەهێڵین، لە جیاتی کۆچی نیشتیمان، بە ئاسۆییەکی روون و ئیرادەیەکی بەرزەوە بڵێین وڵات بۆ نەیاران بە جێناهێڵین.




