ئەم وێنەیە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ سەنتەری ژیانەوەو نەخۆشخانەی هیواو نەخۆشی شێرپەنجە لە سلێمانی کە بەهەرەوەزی هاوکاری گەورە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کۆکرایەوە.

هێرۆخان رەمزی کەسایەتی ئینسانی سەدەیە ؛ خاوەن دیدی گەورەی مرۆیی بووە.

ژیان و پێگەی خۆی هەمیشە بۆ خزمەتی گەلی خۆی بەگەڕخستووە.

 منداڵپارێز گەورەترین گەواهی دەرە کە دیدی هێرۆخان و خزمەتی لێقەوماوان لە پرۆژەیەکی ئینسانی کۆکردەوە .
 ئێستاش ئەو رێکخراوە لەسەر پەیڕەوی خزمەتکردنی گشتی بەردەوامەو پەناگەی هاوکاری خەڵکە، لە هەرێم و عێراق و زۆر کاری گەورەی مرۆیی کردووە. 

لەهەمووکارەسات و تەنگانەکاندا کە بەسەر کورددا هاتوون، هێرۆخان یەکەم دەستی خێرخوازی و ئینسانی بووە کە هەڵوێستی هەبووە.
لەسەرەتای جەنگی داعشداو تەوژمی هاتنی ئاوارەکانی رۆژ ئاوا کوردستان و ئاوارەکانی عێراق، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ هێرۆخان سنگ واڵا لە رێگەی کەناڵی کوردسات و رێکخراوی (سی دی ئۆ) گەورەترین کەمپینیان سازکرد بۆ کۆ کردنەوەی هاوکاری؛ لەو هەڵمەتەدا بەدەیان تەن هاوکاری بۆ گەلی رۆژئاوا کۆکرایەوە. 

هێرۆخان.. هەمیشە پشت و پەنای لێقەوماوان بوو. 

تەنانەت زۆر کاری گەورەی بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردانەکرد کە هۆکاری دواکەوتنی کۆمەڵگەبوون.

 لە ساڵی ٢٠١٠ دا لە ناوچەی پشدەر بە تێگەیشتن و بەخشینی مادی دەیان کەیسی گەورە بەبچووک و بەشودان لەسەر بێشکە هەڵوەشاندەوەو کۆتایی بەو دیاردەیە هێنا، کە گوندێک نموونەی ئەو کێشەگەورەیە بوو . کەسایەتی هێرۆخان وەک رابەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دەگمەن بوو بونیادنەری بیرو باوەڕی ئەرێنی بوو لەکۆمەڵگەدا.

ئەو دەستگیرۆییە کە بۆ هاوکاری چەمچەماڵ بووە شاکارێکی گەورەی ئینسانی و قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی رۆڵی گەورەیان بۆ گێڕاو بوونە دەستی پارێزەری ئەمانەت و خزمەت، درێژە پێدەری ئەو دیدەکە هێرۆخان بناغەکەی بۆ کاری هەرەوەزی داناوەو ئەو رەفتارو هەڵوێستەی گەورەکردو کردیە کەلتور لەم کۆمەڵگەیەدا. 

هێرۆخان.. سیمبولەو دەهێنێت بە ووردی خوێندنەوە بۆ کارە مرۆڤ دۆستانەکانی بکرێت، و ئەودیدە بکرێتە سەنتەری بیری مرۆیی و هاوکاری و هەماهەنگی؛ تاک بۆ تاک لە کۆمەڵگەدا. هێرۆخان بونیادنەربوو.