شاری دێرین، ئەم جێگەیە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانییە ، جوانی و ژیانی کۆن و نوێ لەم کوچەو کۆڵانانەوە دەستیپێکردووە، رۆژگارێک ئەم گەڕەکە دێرینانە جمەیان دەهات .
 بە سێ چوار خێزان لەیەک حەوشەدابوون ژیان لەوپەڕی سادەیدابوو خەڵک قانع بوون، خێزانەکان وەک ماڵەکان، وەک دیوارەکان، وەک رارەوە تەنگەکان، لەیەکەوە نزیک بوون و بەعەشقەوە دەژیان ، جوانی شاری دێرین شارستانییەتی ژیان و ئەندازیاری و بیناسازی کۆن دەردەخات،  ئەم گەڕەکە کۆنانەی سلێمانی.. بەداخەوە ئێستا زۆریان بونەتە گەراج یان بینای نوێ و دوکان و بازاڕ یان بێ خاوەن بوونەتە کەلاوە و کەس ناچێت بەلایاندا، 
ساڵ بەساڵ زێدەتر کاول دەبن و دادەڕمێن و دەبنە کەلاوە ، ئەم شارە خاوەن شوناسی خۆیەتی، بەداکۆکی ئەم شارستانییەتە دەپارێزرێت، پێشتر بە هەوڵی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە رێگەی شوێنەواری سلێمانییەوە رێگریانکرد لە زیاتر وێرانکردنی گەڕەکی شێخان و سەرای کۆن و ئوتێل فەرح .
ئەم شوێنانە پێویستی زیاتر بە ئاگاداری و نۆژەنکردنەوە بە تیرازی کۆن هەیە ، جگەلەوەی مۆرکی رەسەنایەتی سلێمانی کۆن دەردەخات، دەکرێ وەک سەرچاوەی بواری گەشتیار چاوی لێبکرێت.
ئێرە باچۆڵ نەبێ..؟!
پێویستی بە پاراستن هەیە ، کە دواجار مێژووی ئەم شارە دەردەخات کە چلۆن لەم کوچە تەنگەبەرانەوە شارێکی گەورەی وەک سلێمانی لەدایک بووە کە ئێستا ئەم شارە پێشەنگی جوانی و ئاوەدانییە لە ناوچەکەدا، چۆڵی مەکەن با ببێتەوە بەسەرچاوەی ژیانی کۆن و نوێ