حکومەتی کاربەرێکەر
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
858
حکومەتی کاربەرێکەر
دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە
هەر چوار ساڵ جارێک ، پاش رۆژی دەنگدان مشتومری سیاسی و قانونی دروست ئەبوو سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بە تایبەتر دەسەڵاتی حکومەت، ئایا حکومەت بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە بەردەوام دەبێت. یان کاربەرێکەرەو دەسەڵاتی سنوردارەو کاری رۆژانە جێبەجێ دەکات؟ لەبەر ئەوەی نە لەدەستور و نە لە هیچ یاسایەکی تر بەشێوەیەکی روون ئاشکرا باسی حکومەتی کاربەڕێکەر نەکراوە، بۆیە رای جیاواز هەبوو، بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە. سەرۆک کۆمار لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستوریی خۆیدا، داوای تەفسیرکردنی مادەی(٥٦) برگەی یەکەمی لە دەستور لە دادگای فیدراڵی کردوە، کە تایبەتە بە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی نوێبەران، پوختەی ناوەخنی مادەکە دەڵێت؛ تەمەنی پەرلەمان چوارساڵی رۆژمێرییە، برگەی دووەمی هەمان مادە، دیاریکردوە کە پێش ٤٥ رۆژ لە تەواوبونی تەمەنی پەرلەمانی کۆن، دەبێت هەڵبژاردنی تازە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت،سەرۆک کۆمار داوای لە دادگا کردوە سنوری دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت پاش رۆژی دەنگدانی گشتی لەبەر رۆشنایی ئەو مادە دەستورییەدا بۆ روون بکەنەوە.
دادگا دەڵێت ؛سیستەمی حوکم لە عێراق لەسەر بنەمای ئاشتیانەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە،گەل سەرچاوەی دەسەڵات و رەوایەتی دەسەڵاتەکانە،تەمەنی پەرلەمان بە هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی تازە تەواو ئەبێت و ئەمەش بۆ ئەنجومەنی وەزیران راستە و تەمەنی ئەویش تەواو دەبێت. گەل دەنگدانی کردوە بۆ ئەوەی نوێنەر بۆخۆی هەڵبژێرێت و نوێبەرەکانی سەرپشکردوە( دەسەڵاتی ) پێداون ،بەڵام دەسەڵاتێکی سنوردار، کە خۆی دەبینێتەوە لە چوارساڵ ، پاش ئەو ماوەیە ئیتر دەسەڵاتیان نامێنێت.بە کوردیی و پوختی پاش رۆژی دەنگدانی گشتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی تازە، ئیتر پەرلەمانی کۆن کۆتایی هاتوەو دەسەڵاتی نەماوە.ئەمەش مانای وایە ئیتر دەسەڵاتەکانی یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەتی نەماوە. بەمەش دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەدەسەڵاتی تەواوە ،ئەبێت بە دەسەڵاتی سنوردار، کە خۆی ئەبینێتەوە لە رایکردنی ئیشوکاری رۆژانەو مافی نیە گرێبەستی گەورە بکات ،یان رێکەوتنامەی نێوەدەوڵەتی ئەنجام بدات، تەنانەت مافی نیە دەستکاری پەیکەربەندی وەزارەتەکان بکات ،یان پلەو پۆستی باڵا دابمەزرێنیت، لە کۆتایدا لە پاش نوسینەوەی دەستورەوە، ئەمە یەکەم جارە لەرێگای سەرۆک کۆمارە بە بریاری دادگای فیدراڵی، مەسەلەی حکومەتی کاربەڕیکەر یەکلایی کرایەوە ، ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی کاربەرێکەرەو کاری رۆژانەیە بریاری راڤەکردنی دەستوریی( قەراری تەفسیری) بریاری کۆتاییەو ئەبێت هەموولایەک پێوەی پابەند بن.




