سێگۆشەی خڕ، زوڵمی كامێرا
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
14
دەزانن بۆچی ئەو پیاوانەی كە سەر و سمێڵیان بۆیاخ دەكەن، هەمیشە رەنگی رەشی قەترانی، لە خەڵوز رەشتر هەڵدەبژێرن، چونكە رەش ئاوی چاو دەبات، تا چاویش زوڵم لە تاڵە سپیەكان بكات و بە رەش بیانبینێت، سپیەكان خواكردو راستەقینەن، رەشی تەوقە سەرەکانیش كاری درۆو دەلەسەن، فێڵن لەچاو دەکرێن، بۆیە كاتێك مامە پیرە لە زومی كامێراكانەوە زۆر بە گەنجی و جوانی و قنج و قیتی دەردەكەوێت، ئینجا دەزانین کامێرا چەند درۆزنە !!؟؟
لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، كامێرا زوڵمی زۆری لە ئێمەو لە خۆی و لە خەڵك و لە بینەران كرد، درۆی زۆری گواستەوە، جوانیی زۆری بە ناشیرین پیشاندا، ناشیرینی و غەدر و دزی وناهەقی و هەژاری و زوڵمی زۆریشی وەك داستانی قارەمانی پیشاندا، فرمێسكی تیمساحانەی دەنگ كۆكردنەوەو درۆی چاوسڕین و فینگە فینگی ناو ستۆدیۆ، زۆر راستی ئاوەژوو كرد، رەشی كردە سپی و سپی كردە رەش..
كامێرای ئەمڕۆ وەك قەڵەمی دوێنێ وایە، قەڵەمی دوێنێش وەک تفەنگی پێرێ وایە، چۆن قەڵەم بەدەستەكان هەندێك جار زوڵمیان لە خۆیان و لە مێژوو لە داهاتوویان دەكرد، ئەمڕۆش كامێراكان بەهەمان جۆر خەریكی گواستنەوەن، بەڵام لە بەرگی جیاواز و جۆراوجۆردا.. رەنگ بێت بەراوردكارییەكی زۆر نامۆ نەبێت كە بڵێم قەڵەم و كامێرا و تفەنگ، وەك یەكتر وان، هەمیشە ئەو كەسەی بەكاریان دەهێنێت ئاڕاستەیان دەكات (دەنووسرێن، دەبینرێن، دەتەقێنرێن).
یەك لە تاوانەكانی كامێرا كە زۆر بەزاڵمانە ناسراوە, ئەوەیە كە تەنها رووی دەرەوەی كەسەكان و دەموچاوەكان و قژی بۆیەكراوی سەرەكان و جلوبەرگیان دەردەخات، هەرگیز ناخەكانمان بۆ ناگوازێتەوە، دەرونەكان، حەزە شێتەكان، خەونە بچوكەكان، ویست و ئارەزوەكان هەر بە شاراوەیی دەمێننەوە!!
گەر لێنزی ناو كامێراكان زمانیان هەبوایە، بە روی درۆكاندا دەوەستانەوە و درۆكانیان بەدرۆ دەخستەوە، گەر سەرپشكیش بوونایە، باسیان لە بابەتێك نەدەكرد بەشێك بوایە لە گەیاندنی درۆ و بوختان بۆ بینەری چاوكز.. ئەم پرۆسەیە رێك وەك ئەو مامەپیرە وایە کە سەر و ریش و سمێڵی بووە بە بەفر كەچی بە رەشكردنەوە چاوەكانی پێ هەڵدەخەڵەتێنێت، بەڵام دڵەكان و دەرونەكان بە چاوەكان ناخەڵەتێن، ئەم کاری كامێرایەش وەك ئەو نەشتەرگەریی جوانكاریە وایە كە ئێستا بە رەنگە قەترانیەكەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو دەستكاری رەنگی چاو و جۆری لوت و لێو و ناوچەوان و چەناگە و رومەت و هەندێك شوێنی تری ژێرەوە دەكەن، كامێرای داماویش دیلی دەستی خاوەنەكەیەتی، دەبێت ئەم هەموو دەستكاری و جوانكاری و درۆ و ناشیرینی و خیانەتی گەورە و هەڵخەڵەتاندنە بكاتە سرودی هەڵبژاردن و سەركەوتن.
بۆیە هەرچی لە زومی كامێراكانەوە گوازرانەوە هەرچەندە جوانیش بن، مەرج نیە جێگەی بڕوا و راستی و متمانە بن، چونكە وەك بۆیاخە قەترانیەكەی مەسولە پیاوەكان و جوانكاریەكانی لوت و لێو و سمت و سێبەنەی کچ و ژنە ناشیرینەکانن..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.




