لە دوا رۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یاریگای  نێودەڵەتی سلێمانی کۆبونەوەیەکی جەماوەری فراوان لە شاری میهرەبانی ، شاری شەهید شیهاب و شەهید ئارام سازکرد،جەماوەرێکی پر لە جۆش و خرۆش و ئومێد بە سەرکەوتن، گەنجانی خوێن گەرم، ژنانی تەوار ئاسا، پیری دڵگەرم،لە گۆرەپانەکە شەپۆلیان ئەدا بەرەو خۆری ئازادی.

 بەراستی (مسك الختام) بوو.

لەگەڵ ژمارەیەک لە  هەڤاڵانی سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی، ئامادەی کەرنەڤاڵەکە بووین ، لەم کەرنەڤاڵەی سلێمانیدا ، بیر و هۆشم بۆ لای یادەوەری شەهیدانی یەکێتی گیرسایەوە. 

لە دڵمدا خۆشی و شایی ئەمرۆ بە ئاگر و خەفەت دوێنێ تێکەڵ بوو، لە ناو خۆمدا، بە بێ دەنگی هاوارم دەکرد و دەموت ؛ هەڤاڵان  لەیادتان نەچیی، رۆژگاری سەختی شۆرشی نوێدا، خوێن شەهیدان و عەرق و ماندوبوونی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ئەوی رۆژێ کە لە نا ئۆمێدی ئۆمێدیان درووستکرد، ئەمرۆیان هێناوەتەدێ .

لە دەوروبەرم زۆر گوێبیستی ناوی حەمە و مەحەمەد بووم، یەکسەر حەمەی شاسوار و مەحەمەد یاوەر هاتەوە یادم.

حەمەی شاسوار ئەو پیاوەی هەموو ژیانی خەبات بووە لەپێناوی میللەتەکەی ، لە شۆرشی ئەیلولدا پێشمەرگەیەکی دیار بوو لە بەتالیونی  کفری.

حەمەی شاسوار لە ساڵی(1936) لە دێی ئاوە خوێری لە دایکبووە، پیاوێکی گەنم رەنگ و باریک و چوستو چالاک و خاکی بووە، من بە خزمەتی نەگەیشتوم و بە دیداری شاد نەبووم، بەڵام ناو و ناوبانگی لە گەرمیان وەک قەڵای شێروانە دیار و ئاشکرایە.  

حەمەی شاسوار، پیاوە قارەمان و بە هیمەتەکەی  یەکێتی، لە پایزی ساڵی (1980) لەچەمەکەی نێوان گوندی شێخ تەویل و قڵاتۆبزان لەگەڵ حەسەن حاجی حوسێن کەلاری و حەمەی مامەلی و عومەر فەرج بە کۆپتەر لایەن سەرباز و خۆفرۆش تەحسین شاوەیس و چاشەکانی، شەهید کران و سەری شەهیدی قارەمان حەمەی شاسواریان برد بۆ  لای ئاغاکەیان لە چەمچەماڵ ، تەرمەکەی بەبێ سەر لە گۆڕستانی دێی سەی خەلیل بە خاکی پیرۆزی گەرمیان سپاردیان، روحی بۆ  ماوەیەکی زۆر  وەک هەڵۆی بەرزەفر لە ئاسمانی گەرمیان بە دوای لاشە پیرۆزەکەی خۆی دەگەڕا.! دوای چەند ساڵێک بە هەزار دەردەسەری و پارانەوە، کەسوکارەکەی سەرە پیرۆزەکەیان وەرگرتەوە، وەک تاجی سەروەری لە لای لاشەکەیدا جارێکیتر ناشتیانەوە.

 دوای شەهید بوونی باوکی، عەلی شەید محەمەد کورە گەنج و تازە پێگەیشتووکەی، ماوەیەک لە گەرمیان لەگەل مەحەمەد یاوەر پێشمەرگە بووە.

مەحەمەد یاوەری بۆنی باخەکانی خانەقین، دەستە گوڵی رێکخستنەکانی کۆمەڵە بوو، دوای پەیوەندیکردن بە شۆڕش و تەواو کردنی خولی کادران هاتە گەرمیان وەک کادری سیاسی.

مەحەمەد یاوەر لە ساڵی (1947) لەدێی جەبراوە نزیک خانەقین لە دایکبووە، پیاوێکی قۆز و باڵابەرز و حەیزەرانی، سپی رەنگ، قژ رەش، چاو خر و تیژ، روو خۆش، لە رۆیشتن و رێکردندا جوانی دەباراند، خاوەن هەڵوێست و بیری چەپ، هاورێی نزیکی شەهید  مەجید غاندی بوو.

لە (10/9/1981) لە نزیک بیرەکەی گوندی تووەقوت لەگەڵ ئومێد شاکەلی و جەباری حاجی حوسەین  بە دەستی حەمەی ئەحە فەراش و جاشەکانی شەهید کران، تەرمی پیرۆزی هەردوو شەهید محەمەد یاوەر لەگەڵ ئومێد شاکەلی برد بۆ حکومەت لە کەلار،تەرمی پیرۆزی محەمەد یاوەریان   نەدایەوە  بە کەس و کاری و نەیانهێشت بیبەن بۆ خانەقین، شارەوانی لە کەلار ناشتی.

پیاوخاسانی گەرمیان پەیکەرێکی شایستە بەخۆی لە دەروازەی شاری کەلار داناوە.

دیار و ئاشکرایە، داری ئازادی بە خوێن ئاونەدرێت بەرناگرێت، ئەم جەماوەرە لە بن نەهاتووە و ئەم سەرکەوتن و سەروەریانە بە خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندوبونی پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتی هاتۆتەدی.

 ئەبێت وەک ببیلەی چاومان بیپارێزین و موتوربەی بکەین بە گەنجان  و ئاڵاکەی یەکێتی بەرزتر راگرین و رێبازەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال شەکاوەتر بکەین.