خەڕەک ئامێرێكە لە كاری جۆڵاییدا بۆ بەن هەڵكردنەوە بەكار دێت، ئەم ئامێرە هەمیشە لە جوڵەدایە و بەنەكە هەڵدەكاتەوە، دەنگێكی نزمی ناخۆشی هەیە، لە ئیدیۆمی کوردەواریدا بە كەسی زۆر بڵێو چەنەباز دەڵێن خەڕەكەشكاو، بە دووبارەكردنەوەی كار و كارنامە و بەرنامەیەكی ناخۆشو درۆو دەلەسەو چێرۆک و بەسەرھاتی بەردەوامیش دەڵێن ئەڵێێ خەڕەكە.
رۆژانە هەندێك تیڤی و دەزگاو كەناڵی راگەیاندن هەن، سەرباری تێچووی زۆر و زەوەندیان، سەرباری وێنەی جوان و رەونەقیان، سەرباری ئەوەی جوانترین كیژۆڵە و قۆزترین پیاون، لە چەندین مانگی دەستكرددا بەشدارن، لە سەر زەوی و لە ئاسمان ریكلام بۆ خۆیان دەكەن، بەڵام لەڕاستیدا تەنها دەنگی خەڕەكە شكاوەكەیە و جوانی و پوختی وێنە و مایكەپ و پارەوپول هەمووی بەفیڕۆ دەچێت، رۆژانە خەریکی چەسپاندنی قسەکەی (گۆبڵز) ن، ئەم زاتە ترسناکە وەزیری پڕوپاگەندەی ھیتلەر بوو، نازیەکی تاسەر ئێسک راسیزم بوو، ھەمیشە دەیوت: (درۆ بکە، درۆ بکە، ئەوەندە درۆ بکە تا خۆت باوەڕ بە درۆکانی خۆت دەکەیت).. واتە خەڕەک ئاسا بیڵێرەوە بیڵێرەوە تا وەک هەندێك دەموچاوی سواو لەهەموو جێگا و شوێنەكاندا ئەوەندە دەیانبینی و دەردەكەون شەوان خەونی ناخۆشیان پێوە دەبینین..
ئەمانەش تیمی خۆیان و گروپی خۆیان و شوێنی خۆیان هەیە لە پشت هەموو مایكەكانەوە دەنگی نەشازن، جوانترین و باشترین دەنگ خۆشەكانیش هێشتا نۆرەی كار و نۆبەتی ئیشیان بۆ نەهاتوەتە پێشەوە.
گێڕانەوەی چیرۆكی ژیان، بە هەناسەی جیاواز، ترساندنی خەڵك بە بڕینی موچە، هێرشی میدیایی بەناوی بێلایەن، گلەیی و گازەندەی خەڵك لە دیاردە نەشازەكان، ئەمانە سیمای رۆژانە و دووبارەبووەكانن كە دەبێت هەموومان بە گرنگ وەریانبگرین، بەڵام جوانترین وشەكان و كاریگەرترین گرتەكان لە قوڕگەكاندا وشكدەبن و زیقەزیق و وتاری خەڕەكە شكاوەكان بەبێ هیچ بنەمایەكی فكری دەبنە سەروتاری وتارەكان..
لە ناوەڕاستی هەشتاكان لە زانكۆی موسڵ كەسێكمان لەگەڵ بوو، بۆ نەگبەتی، یەك لایەنە حەزی لە كچێكی موسڵاوی كردبوو، چەندین جار چووبووە سەر رێگای و بە عەرەبیەكی تێكشكاوەوە پێی وتبوو (أحبك) كە دەبوو بڵێ (أحبچ)، ئیتر بێزاری كردبوو، دیاربوو ئەویش بە باوكی وتبوو، بۆ نەگبەتی زیاتر باوكی كچەكە پلەیەكی باڵای هەبوو لەناو دەسەڵاتدا و وابزانم مدیر أمن و شتی وابوو.
كابرای برادەری ئێمەیان لە نیوەشەودا راپێچی ئەمن كردو بەیانی و دووبەیانی و سێبەیانی نەهاتەوە بۆ دەوام، دوای پێنج رۆژ كە بەرەڵایان كردبوو ناڵێم (ئازاد) تەنها سەریان بە گوێزان تاشیبوو، لەنیوەشەودا لەبەردەم بەشی ناوخۆیی دایاننابوو.
ئێ ئێمە هەموو دەمانزانی، ئەم فیلمە كۆتاییەكەی بەم تێهەڵدان و سەرتاشینە دێت، بەڵام برادەرەكەمان ئەم هەلەی بۆ خۆی قۆستبوەوە، خوێنكارە كوردەكانی تر لەنزیكەوە هاوڕێی نەبوون لێیان دەپرسی:
ـ فڵانی ئەوە خێر بوو دەستگیركرایت؟؟
ـ لە وەڵامدا: هەر لەسەر مەسەلەكە بوو( مەبەستی لە مەسەلەكە، كوردایەتی بوو)
ئێ كە خۆشمان لێمان دەپرسی ئەرێ عاشق بۆچی گیرایت؟
بەتوڕەییەوە دەیوت ئەرێ (خەڕەكە!!) ئەبێ هەموو جارێك بۆتان بڵێمەوە؟؟!!
ئەم خەڕەكەی ئەمڕۆ ئەو روداوەی موسڵی بیرهێنامەوە كە برادەرەكەمان تا ئێستاش وەك قارەمانێك نان و پیاز بەو خەڕەكەوە دەخوات.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.