سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، قسەی یەکلایی کەرەوەی بۆ هەڵبژاردن کرد
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
24
رۆژی شەممە ١٩ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە رێورەسمی ناساندنی کاندیداکانی بازنەکانی ( هەولێر ،سلێمانی ،کەرکوک ، دهۆک و دیالە)ی لیستی (٢٢٢)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ، کە لە سلێمانی بەڕێوەچو ،سەرۆك بافڵ جلال تاڵەبانی سەرۆکی (ی،ن،ك) ، وتەیەکی پێشکەش کرد ، تیایدا پێچەوانەی لایەنەکانی تر کە زۆربەیان بانگەشەکەیان تەنیا بە ریتم و ستایلێکە کە خویان پێوە گرتوە!، سەرۆك بافڵ تەنیا ئەو ناسنامە و نەریتە سیاسییە راست و دروستانەی بیر هێنایەوە کە حزبە تێکۆشەرەکەمانی پێ ناسراوە .
بە راشکاویی ئەو راستییەی خستە رو کە ئەوە (ی،ن،ك) ە ، جێی متمانەی بەشی زۆری دەنگدەرانە کە دەتوانێت لە خەباتی پەرلەمانییدا مافەدەستوریی و بڕیار لێدراوە قانونییەکانی گەلی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا جێبەجێ بکرێت ،هاوکاتیش داکۆکیکاری مافە دەستورییەکانی پێکهاتەکانی تری عێراق بێت .
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە وتارەکەیدا ، ئەو راستییەی رونکردەوە بۆ دەنگدەران کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە واتە بۆ شەڕی پەرلەمانیی ،دەستوریی و قانونیی گەلەکەمانە لە بەغداد ، بۆیە هەم پێویستیی بە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانە (کە ی ن ك هەوێنەکەیەتی) ، هەم دەبێت کاندیدا سەرکەوتوەکانی لیستی (دودودو ) زۆر بە جدیی و دڵسۆزانە ئەو متمانەیەی دەنگدەرەکانیان بپارێزن کە پێیان بەخشیون .
وتەکەی سەرۆك بافڵ زۆر بابەتییانە و واقیعیانە بو ، بەوەی (ی،ن،ك) ی وەك هێزێکی بێ مونافیس خستە بەردەم ئامادەبوان و دەنگدەران ، ئەوەش پێشینە و پاشخانێکی مێژویی هەیە کە هەرلەسەرەتای دامەزراندنیدا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، (ی،ن،ك) سەرباری هەردو خەمی کوردستانیی و عێراقیی ،خەمی ناوچەییشی خستوەتە ئەستۆی خۆی .
وەك چۆن لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا هێزە کوردستانیی و عێراقییەکان گرێ کوێرەکانی خەباتیان لای (ی،ن،ك) دەکردەوە ، وەك چۆن لە نێو (تەجەموعی وەتەنیی عێراق التوع و جەبهەی وەتەنیی قەومیی دیمکراسیی جوقد )دا دەستپێشخەر و پێشڕەو بو ،وەك چۆن لە کۆنگرە بەرفراوانەکانی ، بەیروت١٩٩١ ،ڤێننا ١٩٩٢ سەڵاحەدین ١٩٩٣ ،نیویۆرك١٩٩٩، لندن٢٠٠٢،سەڵاحەدین٢٠٠٣،ناسریە٢٠٠٣ ، هەر پرس و راوێژ بە (ی،ن،ك) دەکرا و ، بە هەماهەنگیی هێزە رەسەنەکوردستانییەکان ، پلان و بەرنامەی (ی،ن،ك) دەکرایە کارنامەی خەباتی ئەو سەردەمە ، بە هەمان سیاسەت و بڕوای نەگۆڕ لە دوای روخاندنی رژێمی دیکتاتۆرییش هەر (ی،ن،ك) لە بەغداد و هەولێر و سلێمانی بزوێنەر و بنیاتنەری عێراقی دوای دیکتاتۆریی بو ،دیارە داینەمۆی ئەو هەڵسوڕاندن و بزێوییەی (ی،ن،ك) لە نێو جەرگەی هەردو خەباتی سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن و سەردەمی دوای گوڕانی رژێمی دیکتاتۆریی ،سەرۆك مامجەلالی مەزن بو ،کە لە شاخ و مەکتەبەکانی دەرەوەی ی ن ک لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا و لەدوای سەردەمی دیکتاتۆرییشدا ماڵەکەی و بارەگاکەی لە بەغداد و سلێمانی و هەولێریش ببونە پێگەی سەرەکیی کۆبونەوەکان و بڕیارەکان هەر لەوێوە دەردەچون بۆ ئایندەی عێراق .
کەواتە کاتێك سەرۆك بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت ئێمە مونافیسمان نییە ،پشت بەو راستییە مێژوییانە دەبەستێت کە ئەمڕۆش سەرباری ماڵئاوایی سەرۆك مامجەلال ، بەڵام بە فیکر و ئەزمونەکەی ئەو، کێشەی هەنوکەییەکانی پەیوەست بە شیکردنەوەی دەستور چارەسەر دەکرێن و (ی،ن،ك) دەبێتە کارەکتەری سەرەکیه چارەسەرەکان . ، مەسەلەی دوبارە ناردنە دەرەوەی نەوت یەکێکە لەو کێشە پڕ گرێ و گۆڵانەی بە تەدەخولی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی یەکلایی کرایەوە .
سەرۆك بافڵ لە تەنیشت پەیامە کوردستانییەکەی (ی،ن،ك) دا ، پەیامە عێراقیەکەشی خستە رو کە نوێنەرەکانی لیستی ٢٢٢وەک چۆن داکۆکیی لە مافی دەنگدەرەکانیان دەکەن ،ئەوهاش داکۆکیی لە مافی پێکهاتە نەتەوەیی،ئاینیی ،مەزهەبییەکانی تری وەك شیعە ،سونە،تورکمان ،ئاسوریی،کریستیانی ، سائیبە ، ئێزدیی و زەردەشتییەکانیش دەکەن ، بەشداریی کارا دەکەن لە قانون داناندا لەبەرژەوەندیی ئەوانیشدا بە هەمان شێوەی گەلی کوردستان .
سەرۆك بافڵ وەك چۆن دوپاتیکردەوە کە لیستی ٢٢٢هێزی دەنگدەرانێتی لە بەغداد ،ئەوهاش دەبێتە هێزی پێکهاتەکانی تری عێراق.
لە میانەی وتارەکەیدا سەرۆکی (ی،ن،ك) ، پێویستیی یەکڕیزییشی فەرامۆش نەکرد ، کە ئەو یەکڕیزییە پێویستە و پێگەی کوردستان بەهێزتر دەکات .
لەوتەکەیدا سەرۆك بافڵ جلال تاڵەبانی دوپاتیکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە ، بۆیە دەبێت بانگەشەکان لە ئاست عێراق و مافە دەستورییەکانمان بێت لە عێراقی فیدراڵدا ، بەوەش هوشیارییەکی گرنگی گەیاند بە دەنگدەران کە دەبێت بە باشیی و وریانە پەیامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،جیا بکەنەوە لە پەیامی لۆکاڵیی . هەربۆیە دەبێت دەنگدەرانی بازنەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری دەرەوەی کوردستانیش (ناوچەکانی بازنەی مادەی ١٤٠ی دەستوریی) پەی بەو راستییە ببەن ئەوە کێ یە کە بەراستیی ،شێلگیرانە و بێ هیچ بەرژەوەندییەکی حزبیی ، خەبات و شەڕی پەرلەمانیی کردوە و دەکات لە پێناوی زامنکردنی مافە دەستورییەکانمان ، هەر لەو روانگەیەشەوە بو ، روی کردە کاندیداکان کاتێك پێی راگەیاندن کە “نابێت کەمتەرخەم بن یا بەرژەوەندیی خۆیان لامەبەست بێت ،دەنا لێیان قبوڵ ناکات” !.
ئەوەش خەسڵەتێکی گرنگ و دیارە بۆ سەرکردەی حزبەکەمان کە چەندە پەرۆشی خزمەت کردنی کۆمەڵانی خەڵکە لەرێی پەرلەمانی عێراقەوە .
خەسڵەت و پەرۆشییەك کە سەرۆك مامجەلال بەردی بناغەکەی داناوە ئێمەش لە سەرۆکەکەمانەوە تا ئەندام و لایەنگر و دۆستەکانی (ی،ن،ك) یش کردومانەتە نەریتێك و پێوەی پابەندین . بۆیە بە دڵنیاییەوە هەموان ئێمەی یەکێتییەکان بێ جیاوازیی ، کەسانی دیمکراتخواز ،کوردپەروەر هەر دەنگمان بۆ لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاندیدەکانێتی .




