سێگۆشەی خڕ..93 رۆژ
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
72
نیوەڕۆیەكی هەینی بوو، ویستم بەرەو هەڵەبجە بڕۆم، كاتی نوێژی جومعە بوو، جادەوبان چۆڵبوون، تەنها بەردەم مزگەوتەكان جمەیان دەهات و قەرەباڵغیان هەبوو.. بۆ پرسەیەك گەشتمە هەڵەبجە، رەنگ بوو بەمنەوە چەند هەزار كەسێك هاتبنە ئەو پرسەیە، پاش پرسەكەش لە مەراسیمێكی شەكراو خواردنەوەدا بەشدار بووم، لەوێشدا چەند سەد كەسێك ئامادە بوون..
پێش ئێوارە گەڕامەوە سلێمانی، هاوكات چەند فێستیڤاڵێكیش هەبوون، یەك بەناوی كاڵەك و یەك بەناوی خواردنی كوردەواری، بەهەزاران كەسیش ئامادەی ئەم فێستیڤاڵانە بوون، لەهۆڵی سینەما سالم یش فیلمێكی قەشەنگی كوردی نمایش دەكرا، بەمنەوە دەیان كەسی تریش چووین بۆ بینینی، لە هۆڵەكانی سیتی سینەما لە گەڕەكی قلیاسان فیلمەكانی بۆكس ئۆفیس پیشان دەدرێن و بە سەدان كەس دەچنە تەماشایان، ئەمە جگە لە كۆڕو سیمنارو سیمپۆزیۆم و كۆنگرەو یاری وەرزشی و شانۆگەریی و دەیان چالاكی تر كە لەورۆژەدا خەڵكیان سەرقاڵ كردبوو..
دەمەوێت بڵێم لەناوكرۆكی ئەم هەموو كارو چالاكیانەدا، كەس بۆی نیە قسە لەكارو بەرنامەی ئەوی تردا بكات، كەسیش بۆی نیە دەستوەرداتە كارو بەرنامەی كەسی ترەوە، بۆ نموونە من ئەو هەینیە چوومە پرسەیەك و شەكراوێك و فیلمێكی سینەمایی، نەچومەتە ئەو دەیان كۆبوونەوە رۆشنبیریی و ئاینیانەی تر كە لە شارەكەدا كراون، بۆیە بۆم نیە قسەیان لەسەر بكەم چونكە نە لەوێ بووم نە كاری منە قسەیان لەسەر بكەم، ئەگەر هەركەسێك قسە لەسەر كاری ئەوی تر بكات و بیری خۆی بسەپێنێت، بێگومان پاشاگەردانیی دەخولقێت، بۆ تۆی هاووڵاتیش نیە قسە لەسەر كارێك بكەیت لەتایبەتمەندییەكانی ژیانی من بێت، قسەكردن لەسەر نمایشی تیپێكی رۆژئاوا، شیكاركردنی گرتەو كارەكە بە فەلسەفەی عەقڵی خۆت، منیش و بەرامبەرەكانی تریشت نیگەران دەكەیت، لە بیری من و دەیان هەزاری تری وەك مندا، ئەم نمایشە هەڵقولاوی ناخ و مێژووی شەڕێكە هەزاران گەنج و پیرو ئێزدی و موسڵمانی تێدا شەهید بوە..
شەڕی داعش شەڕی مانونەمانی كورد بوو، كۆبانێ بكەوتایە كورد بۆ ئەبەد ویقاری دەشكا، بەڵام لە كۆبانێ داعش و ئاغاكانی لەو كەنداو و مەنداوەوە بە دەستی ئەو ژنانەی كە نمایشەكەیان لە زانكۆی ئەمریكی ئەنجامدا، لوتیان شكا، ئێش ئێشی لادانی نیقاب و بورقع نیە، چونكە ئەوە نە رەمزە بۆ كوردایەتی نە رەمزە بۆ موسڵمانێتی، دایكانمان و نەنك و نەنكی نەنكەكانمان نە نیقاب پۆش بوون نە بورقع پۆش، موسڵمانی راستەقینەش بوون!
شەڕڤانان زۆر بێكەسانە شەڕی داعش و چەندین وڵاتیان كرد، بۆ گوللەیەك، پارویەك نان، ئیمپولێكی (مۆرفین)، دەبەیەك ئاو، لەئاسمان دەپاڕانەوە.. بۆ ئەوەی كۆبانێ نەكەوێت، یەكێتی لە بازاڕی رەشدا فڕۆكەی جەنگی بە كرێ گرت و چەك و تەقەمەنی بە پەڕەشوت گەیاندە ئاسمانی كوبانێ و ئەو شارەی لە كەوتن و داگیركردن رزگار كرد!!
ئەو پارەیەی كە تفاقی نەكەوتن و رزگاركردنی كۆبانێی پێ كڕدرا، موچە و هاوكاری و یارمەتی ئەندامانی حزبەكە بوو، ئەو كادرانە ئێستا زۆر پێیان سەیرە لەسەر لادانی (نیقاب وەك رەمزی داعش) خەڵكانێك هەن فرمێسك دەڕێژن، ئەوێ رۆژێ كە هاوكاریەكان نێردران بۆ كۆبانێ، ئێمەی كادران و پ. م دێرین و كەمئەندامانی حزبەكە 93 رۆژ موچەمان وەرنەگرت.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.




