تاڵ و تاڵتر- سێگۆشەی خڕ
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
46
ماڵمان لە هەڵەبجە بوو، بەرامبەر ماڵمان ماڵی سەرۆك جاشێك و بارەگای جاشەكانی لێبوو، شار ژیانی تیا نەمابوو، یاسا و رێسای گەڕەك جاشەكان دایاندەنا، هەر كەسێك گەنج بوایە و ئەربابی خۆیان نەبوایە لەو كۆڵانەوە هاتووچۆی بكردایە، دەبوایە سڵاو (سەلام) ی لەو جاشانە بكردایە، ئەوانیش هەر بۆ سوكایەتی وەڵامی سەلامەكەیان نەدەدایەوە، ئەگەر سەلامیشمان نەكردایە ئەوا بە شەش حەوت جاشەوە دەكەوتنە وێزەی ئەو گەنجە و نیوە مردوویان دەكرد.
دوو هەڵبژاردەبوون هەردووكیان بۆ من یەك لە یەكتر خراپتر بوون، بۆیە زۆربەی جارەكان چاوەڕێم دەكرد جاشەكان نان بخۆن یان بڕۆن بەلایەكدا، ئەوسا بە پڕتاو خۆم دەگەیاندە ماڵەوە، ئەگەر ئەركێكی بەپەلەم بۆ دروست ببوایە یان دەربچوومایەتە دەرەوە، هەڵبژاردەی دووەمم وەك پەرداخە ژەهرەكە هەڵدەبژارد و سەلامێكم لێدەكردن، ئەوانیش بە گاڵتەجاڕییەوە یان هەر پێدەكەنین یان بێدەنگ دەبوون و وەڵامیان نەدەدایەوە، گەنجی گەڕەكەكەمان زۆرینەیان شەقی ئەو جاشانەیان بەركەوتبوو لەسەر ئەوەی بۆچی سڵاو ناكەن؟!
ئێ سەلام كردنیش بێ وەڵام ئێجگار ناخۆش بوو!!
بەڵام كۆتایی یاریەكە گرنگ بوو، تەماشاكەن، جاشەكان تەفروتونا بوون و منیش بەردەوام بووم لە ژیان و پریشكی لێدان و شەقەكانم بەرنەكەوت..
كێشەی ئێستای (بەغدا و هەولێرو قەندیل و ئەنكەرە) هەمان كێشەی ئەو بەسەرهاتەی ژیانی منە، هەولێر بەو مەرجانە قایل ببێت، شتێك سەروەری لەدەست دەدات، قایل نەبێت و سەلامەكە نەكات دەبێت باجەكەی بدات و پریشكی ئەو شەقەش بەر میللەت دەكەوێت، بۆیە هەندێك حاڵەت ناچارییە!!
رێككەوتن و سەلام كردن لەبەر بەرژەوەنديی خەڵك و شەقام، لەوە باشترە كۆمەڵێك كێشە و شەق و شەقوەشاندنی تێبكەوێت، بۆیە بە ناچاری وەفدەكانی هەرێم كە دەچنە بەغداد دەبێت بزانن تاڵ و تاڵتر بە ناچاری تاڵەكە شیرینترە.
ئەوەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
بەهەرحاڵ ئەم دوو بژاردەیە لە سیاسەتدا هەن، هەردووك تاڵن بەڵام یەكێكیان كەمتر لەوی تریان.. كێشەكەی قەندیل و ئەنكەرەش هەمان تیۆرە، ئيتر قەندیل پاش چل ساڵ سەلامەكەی هەڵبژارد، شەقی زۆری وەشاندو شەقی زۆریشی بەركەوت، بەڵام لۆجیك زاڵ بوو، ئەوەی لە جاسەنە روویدا بژاردەی دووەم بوو، سەلامێكە لە ئەنكەرە، لۆجیكێكی سیاسی ژیرانەبوو، ئەگینا شەقامی كوردستان و قەندیل و باكور، گرتەی كچۆڵەیەكی نازداریان بیرناچێتەوە كە پارچە چەكێك لەخۆی دەكاتەوە توڕی دەداتە تەنوورێكی تاو سەندوەوە..
چەند قورسە!! چەند بەئازارە!! بەڵام لەو بەئازارتر ئەوەیە كە دەرئەنجامی شەڕەكان جگە لە ماڵوێرانی وكوشتن و كوشتار، كۆتاییەكەی هەر دەبێت سەلامەكە لەیەكتر بكەن و مێزی دانوستان و ئاشتی، ئاوەدانتر بكەنەوە، ئیتر چ قەندیل سەلام لە ئەنكەرە بكات چ هەولێر سەلام لە بەغداد بكات، گرنگ ئەوەیە پەنا بۆ چەكی ئاشتی ببەین، چونكە ئەوە خەباتی چەكدارانەی ئەم سەردەمەیە..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت..