قەندیل و ئەنقەرەی بێ چەک !
٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
126
وا بڕیارە لەچەند رۆژی نزیکی داهاتوو پەکەکە لە پڕۆسەیەکدا کە زیاتر سیمبولییە چەک دابنێت و نیازپاکی خۆی بۆ سەرپێخستنی پڕۆسەی ئاشتی بەکردەیی دەرببڕێت ، بەڵام پرسیارە هەرە گرنگ و جەوهەرییەکە ئەوەیە دوای چەکدانانی پەکەکە چارەنوسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو باکوری کوردستان بە کوێ دەگات ؟ ئایا دووبارە شەڕ لە قەندیل دەست پێدەکاتەوە یان بەکردەیی پڕۆسەیەکی راستەقینەی ئاشتی دەست پێدەکات؟ ئەو پرسیار و گریمانەیەی ئەنقەرەو قەندیل هێشتا بەگومانن و لێی دڵنیانین ئایا قۆناغی بێ چەک و ئاڵۆزی ئەوەی تورکیا ناوی ناوە قۆناغی (تورکیای بێ تیرۆر) دەست پێ دەکات ؟
ئەگەر چی هێشتا وەک زانیاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەڵام ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە لە چەند رۆژی نزیکی ئایندەدا بناری قەندیل نزیک بە پارێزگای سلێمانی ببێتە سەکۆی شانۆگەریی پڕۆسەیەکی سیاسی و چەکداری مێژوویی ، بە چەکدانانی ژمارەیەک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە نێویاندا سەرکردەی دیاری پەکەکەش بوونی هەیە ، ئەم پڕۆسەیە کە لە بنچینەدا لەسەر داوا و بڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیپێکردووە، لەچەند مانگی رابردوو پەکەکە قورسترین بڕیاری سیاسی و چەکداری خۆیدا کە بۆ زۆرینە چاوەڕوان نەکراوبوو کە ئەویش قایلبوونی بوو بەخۆهەڵوەشاندنەوە و بڕیاری چەکدانان ، ئەو بڕیارەی بۆ تورکیاش سوپرایزێکی گەورەبوو چونکە پەکەکە نیو سەدەیە گرێکوێرەی نەکراوەی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی چەکداری و
سیاسی و دیبلۆماسی تورکیایە .
لە مێژووی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە قەندیلەوە بڵێسەدەدات بەم جارەوە چوار جار هەوڵ بۆ پڕۆسەی ئاشتی دراوە بەڵام سێ جاری پێشوو بەهۆکاری جیا شکستی هێناوە ، ئەم جارە کە لە زەمینەو هەلومەرج و بارودۆخێکی جیاوازدا پڕۆسەکە دەستی پێکردووە تا ئێستا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە هەردوولا جدی و پەرۆشبن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە بەڵام ئەو تەون و گومانانەش کەم نین کە لەبەردەم بێدەنگکردنی چەکەکاندا بوونی هەیە .
ناکرێت باسی پڕۆسەی ئاشتی بکەیت و ئاوڕ بۆ مێژووی ململانێ و شەڕو هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو دەسەڵاتدارانی تورکیا نەدرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەوڵەکانی ئاشتی لە تورکیا بۆ چەند ئاست یان قۆناغێک پۆلێن دەکرێت ،
لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نران، قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا ، قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد بە شێوەی ئاشتیانە لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمى رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاک پارتى دەستیپێکرد،
بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا هەرچەندە چەند جارێک و بۆ چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران، ئەم قۆناغەش ٢٠٢٥ کە بە قۆناغی چوارەم ناوزەند دەکرێت جارێکی دیکە پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردوەتەوە ، بەڵام ئەوەی ئەم جارە چاوەڕێدەکرێت جیاوازتر بێت لە قۆناغەکانی پێشتر بارودۆخەکە گۆڕاوەو جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) هەریەک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)
پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP)
هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی
پارتی داهاتوو (Gelecek) & پارتی فێلیسیتی (SP)
پارتی سەعدەت (پارتی فێلیسیتی) بە گەرمی کار لەسەر پڕۆسەکە دەکەن ، ئەمەش هێزێکی زیاتری بە پڕۆسەکە بەخشیوەو لەسەرو هەموشیانەوە پەرۆشی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها بە دەنگەوە هاتنی پەکەکە بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان و قایل بوونی بە خۆ هەڵوەشاندنەوە و دەستبەرداربوونی خەباتی چەکداری.
لەم قۆناغەدا پەکەکە پەرۆشترو جدیتر دەردەکەوێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و سەرخستنی پڕۆسەکە ، ئەوەی دەمێنێتەوە نیازپاکی ئاک پارتی و تورکیایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە تورکیاو باکوری کوردستان کە تا ئێستا هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ پڕۆسەکەدا رێدەکات، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوبێت و هاوشێوەی قۆناغەکانی دیکە ئاستەنگ و بەربەستی نەیەتە پێش و لەبار نەبرێت واچاوەڕێ دەکرێت کۆتایی بە نزیکەی نیو سەدە لە نائارامی و شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان قەندیل و ئەنقەرەدا بهێنێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێت، لە هەمووشی گرنگتر واپێویست دەکات پڕۆسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە چاودێری بکرێت بۆ ئەوەی هێزێکی تر بدات بە پڕۆسەکەو لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەر لایەک سەرزەنشتی لاکەی دیکە بکرێت و رێگە نەدرێت پڕۆسەی ئاشتی بەدەردی جارەکانی دیکە ببرێت.
بەووردبوونەوە لەم قۆناغەی پڕۆسەی ئاشتی ئەوەی بەدیدەکرێت پەکەکە تا ئێستا بە دەنگەوە هاتنێکی زۆری بۆ پڕۆسەکە هەیەو ئەوەی لەسەری بووە هەنگاوی بۆ ناوە، پەکەکە قورسترین بڕیاری مێژوویدا کە خۆی هەڵوەشاندەوەو رەنگە لەچیاکانی کوردستان بێنە خوارەوە و چەکەکانیان بێدەنگ بکەن ، بەو ئومێدەی ئەو خەباتەی کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر دەستیان پێکرد بە رێگەی ئاشتیانە بێتەدی ، بەڵام پرسیارە هەرە گرنگ و جەوهەرییەکە ئەوەیە دوای چەکدانانی پەکەکە چارەنوسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو باکوری کوردستان بە کوێ دەگات ؟ ئایا دووبارە شەڕ لە قەندیل دەست پێدەکاتەوە یان پڕۆسەیەکی راستەقینەی ئاشتی دەست پێدەکات ؟ دەبێت چاوەڕێ بکەین هەنگاوەکانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە ، بەش بەحاڵی خۆم ئومێدەوارم پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت و قۆناغێکی نوێی بێ چەک و توندوتیژی بۆ گەلی کورد لە تورکیا دەست پێبکات و کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافە رەواکانی بگات .