ئەمڕۆ یادی هەڵبژاردنی مام جەلالە بەسەرۆک کۆماری عیراق
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
31
ئەمڕۆ یادی هەڵبژاردنی مام جەلالە بەسەرۆک کۆماری عێراق.
ئەم یادە بە پرشنگداری و شانازییەوە لە مێژووی نزیکی عێراقدا دەکرێتەوە.
لەعێراقی نوێی دوای روخاندنی رژێمی سەدام، بۆ یەکەمجار بە هەڵبژاردنی راستەقینە لەنێو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی عێراقدا، پێشمەرگە و رابەرێکی ئازادیخوازێکی کورد بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق.
ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال لەعێراقدا، سەردەمی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی و کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی عێراق بوو لەدەوری مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنی نیشتمانی.
سەرۆک مام جەلال هەمیشە خاڵی بەیەک گەیاندنی لایەنە ناکۆکەکان و هەوێنی سازان و رێککەوتن بوو.
لەئێستادا کە ئەم یادە بەرز رادەگرین، ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری پێشهاتی تازەو گۆڕانکاری ڕیشەییدایە، لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە کەڵک وەرگرتنە لە ئەزموون و رێگا و بیری سەرۆک مام جەلالە بۆ مامەڵەکردنی کورد بەهاوسەنگ و ژیرانە لەگەڵ هاوکێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان.
ئێمە لەبەغدا و هەر شوێنێکی ئەم عێراقە شانازی دەکەین، کاتێ ئەڵێن ئێمە لە حزبەکەی مام جەلال-ین، مام جەلال سەروەتێکی مەعنەوی هیندە گەورەی بەجێهێشتوە کورد و یەکێتی دەتوانێ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی سیاسی و ستراتیژی لەسەر بکات.
گۆرت پڕ نوور، ناوت، مێرژووت، ئەزموونت، دەنگ و رەنگت هەمیشە بە جوانی و شانازییەوە دەمێنێتەوە!