سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: ئامادەی دانوستانین لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجەی لەسەر بنەمای لۆژیك بێت
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەربڕی بەو مەرجەی لەسەر بنەمای لۆژیك بن، رۆژنامەیەكی ئەمریكیش ئاشكرایدەكات، ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی تاووتوێی دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات.
غولامحسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەبارەی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئاباد رایگەیاند، ئەمریكا دەیویست لەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەو دەستكەوتانە بەدەست بهێنێت كە لە جەنگدا نەیتوانیبوو بەدەستیان بهێنێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، وەفدی ئێران توانی بە سەركەوتوویی پارێزگاری لە مافەكانی بكات و نەهێڵێت ئەمریكا بگاتە ئامانجەكانی.
وتیشی، "تاران ئامادەیە بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجەی دانوستانەكان لۆژیكی و واقعی بن".
سەرچاوەیەكیش بە رۆژنامەی نیویۆرك پۆستی ئەمریكی راگەیاند، ئاستەنگی پەیوەندی لە نێوان وەفدی ئێران لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ سەركردایەتی لە تاران هۆكارێكی شكستی دانوستان بوو، وتیشی، لە ئێستادا ئێران تاووتوێی دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات وەك مەرجێكی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.



