لە روداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای (پێنجوێن – سەیدسادق) مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ گیانی لەدەستداوە و باوکیشی بە سەختی بریندارە.

 بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، روداوەکە لە نێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا رویداوە، باوک و کوڕەکە ماتۆڕسکیلیان پێبوە.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تەرمی مێرمنداڵەکە رێکارە پێویستییەکانی بۆ ئەنجامدراوە و باوکیشی دوای وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی کراوە .

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو کوڕ و باوکە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان رویان لە ناوچە کوێستانییەکانی پێنجوێن کردوە و لە کاتی گەڕانەوەدا توشی روداوەکە بوون.