کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی هات و تیایدا چەند بڕیارێک لەسەر موچە و لێخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگریری بۆ کچ و کوڕانی شەهیدان درا و بریاردرا لەسەر موچەی فەرمانبەرانی حکومەت نامەیەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنێردرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ رەزامەندیی لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دا بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ کوڕو کچانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
لە راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە دواکەوتنی موچە، هاتووە کە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم خستووەتەڕوو.
ئاماژە بەوەشدراوە لە سەرەتای 2025دا رێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ.
ئەم رێککەوتنە پشتبەستە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە رایگەیاندووە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتەکان ناتوانێت هۆکار بێت بۆ راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی مووچەکانی بە "نا دەستووری و نایاسایی"* ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە سزادانی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمە.
بە تایبەتی ئاماژە بەوە کرا کە چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ جەژنی قوربان و ئەم بڕیارە "گەمارۆیەکی سیاسی"ە لەسەر هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریشدا نامەیەکی رەسمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا:
- لایەنە دەستووری و یاسایی و داراییەکان رونبکرێتەوە
- داوای هاوئاهەنگی و پشتیوانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە بکرێت
لە بڕگەیەکی تردا، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی کارمەندانی گرێبەستی خستە بەردەست کە بە بودجەی پەرەپێدان و داهات کاردەکەن.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە داواکاری ئەو کارمەندانە کرد و وەزارەتی دارایی راسپارد، بۆ ئامادەکاری باشتر بۆ بڕیارێکی گشتگیر لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا.
سەبارەت بە پشوی جەژنی قوربان
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە هەموو موسڵمانان کرد و رۆژانی پشووی جەژن دیاریکرا:
پشووی فەرمی: لە ڕۆژی هەینی (6ی حوزەیران) تا ڕۆژی دووشەممە (9ی حوزەیران)
گەڕانەوەی دەوام: ڕۆژی سێشەممە (10ی حوزەیران)