سوپای توركیا ژمارەی بارەگا و سەربازەكانی لە هەرێم زیاتر دەكات و 90% زنجیرە چیای مەتینای لە قەزای ئامێدی  سەر بە پارێزگای دهۆكی داگیركردووە.

پەیامنێری كوردسات لە قەزای ئامێدی رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای توركیا چەكی قورس و مامناوەند هێناوتەوە بنكەكانی خۆی لەبناری زنجیرە چیای مەتینا لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك.

وتیشی لە ساڵی رابردوەوە تا ئێستا توركیا بە بەردەوامی بنكە سەربازییەكانی لە گوندەكانی سەرگەلێ و گوهەرزێ و بلاڤە و گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە ئامێدی زیاد كردووە، بەوەش 90% زنجیرە چیای مەتینای لە قەزای ئامێدی  داگیركردووە. 

هاوكات سوپای توركیا بە بەردەوامی سنورەكانی قەزای ئامێدی تۆپباران و بۆردومان دەكات و پێكدادانەكانیش لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە بەردەوامە. لە كاتێكدا كە پەكەكە نزیكەی دوو مانگە ئاگربەستی راگەیاندوە.