ڕاپۆرت

وڵاتانی عەرەبی نیگەرانی خۆیان لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەربڕی و داوای کەمکردنەوەی هێرشەکانییان کرد.

 

سعودیە

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شانشینی سعودیە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

سعودیە ئیدانەیی پێشێلکردنی سەروەری تارانی کرد و داوای دان بەخۆداگرتن، ئارامگرتن و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان کرد.

 

ئیمارات

ئیمارات داوای دەستبەجێی کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەی مەترسیدار بۆ ئاستە نوێیەکانی ناسەقامگیری کرد و نیگەرانی خۆی زیادبوونی گرژییەکان دەربڕی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە دەکات و پێشێلکارییەکی جددی یاسای نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت، کە بەکارهێنانی هێز و پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانیی دەوڵەتان و مافی رەوای ئەوان بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانیان بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانە قەدەغە دەکات.

 

قەتەر

هاوکات قەتەریش نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئەمریکا دەربڕی و هۆشداریشیدا لە "کاردانەوەی کارەساتبار"ی هەڵکشانی ئێستا لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هۆشداریدا لەوەی ئەو گرژییە مەترسیدارەی ئێستا لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، کاردانەوەی کارەساتبار لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

عوممان

عوممان، ناوبژیوانی سەرەکی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئیدانەی هێرشەکانی کرد و داوا دەکات کە "دەستبەجێ و هەمەلایەنە" هێرشەکان کەمبکرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، عوممان ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە نایاساییە دەکات و داوای بانگەوازی هەمەلایەنە دەکەین بۆ راگرتنی توندوتیژی.

 

بەحرەین

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین دووپاتی کردەوە، بەحرەین لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و داوای هەوڵی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین خوازیاری ده ستپێکردنەوەی خێرای دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا، له رێگه ی دیپلۆماسی و ئاشتیانەوە.

 

عیراق

هەروەها عیراق ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و هۆشداریشی دا کە ئەو هەڵکشانە، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا دروست دەکات و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە بەردەم مەترسییە گەورەکان.

 

میسر

لەلای خۆشیەوە میسر ئیدانەی هێرشەکانی کرد و هۆشدارییدا لە دەرئەنجامە جدییەکان مەترسی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.

 

لوبنان

جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان داوای لە هەردوولا کرد بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری گفتوگۆ و دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دواجار ئەمریكا هێرشێكی گەورەی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەویش بە كەڵك وەرگرتن لە گرانبەهاترین مووشەك و فڕۆكەی جەنگی خۆی.

ئەمریكا فڕۆكەی بی توو كە بەتارمایی دەناسرێت، لەگەڵ دوو جۆر مووشەك كە بانكەر باستەر و تۆماهۆك بوون، لە هێرشەكەی نەتەنز و بوشەهر و فۆردۆدا بەكاریهێنان.

بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە، هێزی ئاسمانی ئەمریكا، لەڕێی زیاتر لە 100 فڕۆكەی سەربازییەوە كە لەنێویاندا دوو فڕۆكەی جۆری بی توو هەبوو، دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆیان كردە ئامانج، هەریەك لە دامەزراوەی نەتەنز و بوشەریش لە دووری 640 كیلۆمەترەوە بە مووشەكی تۆماهوك كرانە ئامانج كە دەوترێ لە دەریای عەرەبەوە لەڕێی ژێردەریاییەوە هەڵدراون.
وێستگەی فۆردۆ كە بە بناغەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دادەنرێت و بەوتەی بەرگی ئەمریكا، بە تەواوی لەناوچووە، سەرۆكی ئەمریكاش دوای هێرشەكە ئەم زانیاریانەی پشتڕاستكردبویەوە.

مووشەكی توماهۆك كە بە زیرەكترین مووشەكی دوورمەودای هێزی دەریایی ئەمریكا دەناسرێت، مەوداكەی دوو هەزار و 500 كیلۆمەترەو كێشەكەی 450 كیلۆگرامە، دەتوانێت بۆ ماوەی 15 جار ئامانجەكەی بگۆڕێت و هیچ سیستمێكی بەرگری ناتوانێت رایبگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا كەمترین هەڵە لە پێكانی ئامانجەكەیدا، 10 مەترە، تێچووەكەشی دوو ملیۆن دۆلارە.

مووشەكی بانكەر باستەریش كە بۆ وێرانكردنی وێستگەی فۆردۆ بەكارهات، كێشەكەی نزیكەی 14 تۆنەو زیاتر لە دوو تۆن و نیو تەقەمەنی وێرانكەری تێدایە، لەتوانایدایە بینایەكی 20 نهۆمی لە سێ چركەدا وێران بكات.

ئەم مووشەكە لەدوای بۆمبی ئەتۆمی، بەهێزترین و كاریگەرترینەو تا ئێستا لە هیچ ئۆپراسیۆنێكدا بەكارنەهێنراوە، هەروەها گرانترین مووشەكی جیهانەو نرخەكەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار، بەگۆشەی 45 بۆسەر ئامانجەكان لە بەرزی هەڵدەدرێت و توانای بڕینی 60 مەتر زەوی هەیە.

هەروەها فڕۆكەی بی توو كە لەم هێرشە وێرانكارییەكەی ئەمریكا بەكارهێنرا، راستەوخۆ لە ئەمریكاوە دوای نزیكەی 40 سەعات لە فڕین گەیشتووەتە ئاسمانی ئێران، توانای فڕینی 11 هەزار كیلۆمەتری هەیە بەبێ پڕكردنەوەی سووتەمەنی یان 44 سەعات فڕینی بەردەوام.

ئەم فڕۆكەی تارماییە كە تەنها 20 دانەی لێ دروستكراوە، لە توانایدایە تا 23 تۆن چەك و تەقەمەنی هەڵبگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمی فڕۆكەوانیەكەی دوو كەسە، تێچووی هەر فڕۆكەیەكیش زیاتر لە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، بەوەش گرانترین فڕۆكەیە لە هێزی ئاسمانیدا.

ترەمپ لەدوای هێرشەكان، جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەو هەوڵی تۆڵەكردنەوە بدات، ئەوە بەهێزێكی زیاترەوە وەڵامیان دەدەنەوە كە خۆی بە كارەسات ناوی برد.

ڕێكخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندووە كە دوای هێرشەكەی ئەمریكا هیچ زیادبوونێكی ئاستی تیشكدانەوە لە دەرەوەی هەرسێ وێستگە ئەتۆمیەكەی ئێراندا دەستنیشان نەكراوە و بەردەوامیشسن لە هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و راپۆرتی زیاتر پێشكەش دەكەن لە داهاتوودا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەڵكشانی گرژیەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئاماژەكان بۆ هاتنەناوەوەی ئەمریكا بۆ گۆڕەپانی جەنگ، ئەگەری بۆمبارانكردنی بنكەی ئەتۆمی فۆردۆ زیاتر دەكەن.

جوڵاندنی كەشتی جەنگی و فڕۆكەی بۆمبهاوێژ لەلایەن ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەند ئەگەری چڕبوونەوەی ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە بەرزدەكەنەوە.

رۆژنامەی نیویۆرك تامیز دەڵێت، ئەگەر ئەمریكا بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێران بدات، ئامانجی سەرەكی خاپوركردنی بنكەی فۆردۆ دەبێت.

فۆردۆ دەكەوێتە نزیك شاری قوم لە قووڵی 90 مەتر لە ژێرزەویدا بەمەبەستی پاراستنی لە هێرشە ئاسمانییەكان دامەزرێنراوە.

ئەگەر ئەمریكا بنكەكە بەئامنج بگرێت، بەپێی پێشبینەكان لەڕێی فڕۆكەی بۆمبهاوێژی B2ەوە و بەدیاریكراوی بۆمبی GBU-57 ئەنجامی دەدات كە توانی هەیە زیاتر لە 60 مەتر كۆنكرێت ببڕێت.

رۆژانەمی مەعاریفی ئیسرائیلی دەڵێێت: لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆدا بڕێكی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراو هەیە، بەڵام هیچ بۆمبێكی ئەتۆمی ئامادەکراوی تێدا نییە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر ئەمریكا لێی بدات تەقینەوەی ئەتۆمی روونادات، بەڵام دەكرێت مادە ئەتۆمیەكان بەهەوادە بڵاوببنەوە و ببنە هۆی پیسبوونی ژینگە. دەشكرێت كەسانی نزیك لە فۆردۆ توشی چەندین نەخۆشی و حاڵەت ببن لەوانە، شێرپەنجە و وەستانی گورچیلە و نەمانی بەرگری لەش.

ئەگەریش تیشكدانی ئەتۆمی رووبدات و بای بەهێز لە ناوچەكەدا هەبێت، دەكرێت گەردیلەکان بە دووری دەیان كیلۆمەتر بگوازرێتەوە بۆ ناوچەی چاوەڕواننەكراو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل کە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، دەشڵێت: چەندین زانای روسی لەوێ کار دەکەن.

ئەمڕۆ حەوت رۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا تێدەپەڕێت و ماوەی سێ رۆژیشە روسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەوەی بەشداری شەڕەکە نەکات.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی روسیا بۆ ئەمریکا، ئەمڕۆ رووی دەمی کردووەتە ئیسرائیل و هۆشداری دەداتێ لەوەی بۆردومانەکانی سەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، کە ئەو کێڵگەیەیە تیایدا پیتاندنی یۆرانیۆمی لێ ئەنجام نادرێت بەڵکو وێستگەیەکی ئەتۆمییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئەگەرچی پێشتر باڵیۆزخانەی روسیا لە ئێران باسی لەوەکرد، کە کارەکانی دامەزراوەی بوشەهر بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لەسەر دامەزراوەکە نییە، بەڵام فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆردومانی دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر و ئەسفەهان و ناتانزیان کردووە.

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبییەوە و سود لەو سوتەمەنیانەی روسیا وەردەگرێت کە روسیا دوای ئەوەی ئێران بەکاریهێنا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم، لێی وەردەگرێتەوە، هەر بۆیەش چەندین زانای روسی تێیدا کار دەکەن.

 

چی دەبێت ئەگەر هێرشەکان دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بپێکێت؟

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر کێڵگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شا محەمەد رەزا پەهلەوی، کیڵگەکە دەکەوێتە باشووری تاران و 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوشەهرەوە دوورە و دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی خلیج، کە ئێران بە کەنداوی فارس ناوی دەبات.

ئێران لە ساڵی 1975دا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەستی بە بونیادنانی کێڵگەکە کرد، بەڵام لە ساڵی 1979 و لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کارکردن لە کێڵگەکە راگیرا.

لە شەڕی 10 ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کێڵگەکە چەندین جار بەر بۆردومان کەوتووە، کە دواتر لە ساڵی 1995دا ئێران لەگەڵ روسیا گرێبەستێکی 4 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەنجامدا بەمەبەستی تەواوکردنی دامەزراوەکە. لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و لە هەمان ساڵدا دەست بە کارکرایەوە تێیدا، لە کۆتاییدا لە ساڵی 2011 کردنەوەی دامەزراوەکە راگەیەنرا.

دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان لەژێر زەویدا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بۆ کەڵک وەرگرتن وەک باڵەخانە نزیکەی 19 مەتری لەژێر زەوییەوەیە.

دامەزراوەی بوشەهر پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانە و یۆرانیۆمی تێدا ناپیتێنرێت، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆم کارەبا و وزەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت.

پێکانی دامەزراوەکە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەگەرێکی دوورە، چونکە تەقاندنەوەی دامەزراوەکە وەک تەقینەوەی چەکێکی ئەتۆمیی وایە کە وێرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات و دامەزراوەکە بتەقێنرێتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو تیشکانەی لێی دەردەچێت، بەنزیکەیی 50 کیلۆمەتری دەوری خۆی پیس دەکات و چیتر بە کەڵکی ژیان نامێنێت،  ئەوە جگە لەوەی دووهێندەی ئەو رووبەرە بە پاشماوەکانی پیس دەبێت و لەرێگای ئاو و هەواشەوە کاریگەرییەکەی دەگاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان. هەر بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی ئەو دامەزراوەیە ئەگەرێکی لاوازە.

 

Iran's Bushehr Nuclear Plant

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئێران هەڕەشەی بەكارهێنانی بەهێزترین كارتی فشاری كردووە، كە ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە، كە هەستیارترین رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتییە. 

هەڕەشەی داخستنی گەرووەكە ئەمجارە لە زاری ئیسماعیل كەوسەری سەركردە لە سوپای پاسداران و ئەندامی پەرلەمانی ئێرانەوە بوو، كە وتبووی داخستنی لەژێر تاوتوێ كردندایە و بڕیاری دروست لەبارەیەوە دەدەن.

داخستنی گەرووی هورمز كاریگەری گەورە لەسەر ئابوری جیهان دروست دەكات، بەشێوەیەك بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەڵاوسانی لێدەكەوێتەوە.

ئەو گەرووە تەنها بۆ ئێران گرنگ نییە، بەڵكو وڵاتانی گەورە لە رێكخراوی ئۆپیك پشتی پێدەبەستن، وەك سعودیە و ئیمارات و كوەیت و عیراق، كە زۆرینەی نەوتە خاوەكەیان لەو رێیەوە هەناردە دەكەن بە تایبەت بۆ بازاڕەكانی ئاسیا.

بە داخستنیشی، وڵاتانی وەك كوەیت و قەتەر و بەحرەین و ئیمارات و سعودیە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت.

هاوكات عیراق یەكێك دەبێت لە زەرەرمەندترین وڵاتەكان، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراقیش وتبووی، ئەگەر جەنگەكە داخستنی هورمزی لێبكەوێتەوە، كارەساتی ئابوری گەورە دروست دەبێت و رەنگە نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 200 بۆ 300 دۆلار.

گەرووی هورمز گرنگترین رێڕەوی ئاوییە لە جیهاندا، دەكەوێتە نێوان عومان و ئێران و كەنداوی عەرەبی بە كەنداوی عومان و دەریای عەرەب دەبەستێتەوە. زیاتر 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، واتە زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. نەك تەنها نەوت بەڵكو سێ یەكی هەناردەی جیهان لە غازی سروشتی بە تایبەتە لە قەتەرەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت. 
ئێران چەند جارێك هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردووە، دیارترینیان لە ساڵی 2018 بوو، كاتێك ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە، لە 2011 و 2012ش جارێكی تر هەڕەشە كرا لەسەر ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا سزای زیاتر نەخەنە سەر هەنارەی نەوتی ئێران، بەڵام هیچ كات لە هەڕەشەكان جێبەجێنەكراون، چونكە بە وتەی شارەزایان لەڕووی كردارییەوە داخستنی ئەو گەرووە ئاسان نییە، چونكە بەشێكی زۆری دەكەوێتە عومانەوە و هێندە فراوانە كە ئێران ناتوانێت دایبخات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی پێشوەختەی کردە سەر ئێران و 100 ئامانجی لەررێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە پێکا.

بەهۆی هێرشەکانەوە عەلی شەمخانی راوێژکاری یەکەمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، سەرۆکی ئەرکانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی دیکە کوژران.

ئەنجامدانی هێرشەکەش کاردانەوەی گەورەی ناوخۆی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە گشتی وڵاتان هێرشەکان ئیدانە دەکەن.

 

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان

بەشێوەیەکی گشتیی وڵاتان گەشتەکانیان بۆ ئێران و ئیسرائیل و عیراق راگرت و بەشێکی زۆری گەشتە جیهانییەکانیش دواخراون، ئەوەی جگە لەوەی بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا خاڵییە لە فڕۆکە.

 

کاردانەوە جیهانییەکان:

 

ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکانی ئیسرائیل بوون و بە چەند هێرشێکی چاوەڕوانکراو باسیان دەکات.

هاوکات، پشتگیری ئەمریکاش بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە.

 

ناتۆ

سکرتێری گشتیی ناتۆ: هێرشەکان دەبێتە هۆی خێرا زیادبوونی گرژییەکان، پێویستە کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە کاری لەپێشینە بێت.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تێکهەڵچونە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و رایگەیاندووە، "نیگەرانن لە رەفتارەکانی سوپای ئیرائیل، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دانوستانی ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئارادایە".

فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە هەردوو وڵاتەکە دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و دووربکەونەوە لەوەی بکەونە ململانێی قوڵ و رەوشێکەوە کە ناوچەکە بەرگەی ناگرێت.

 

عومان

عومان کە نێوەندگیری ئێران و ئەمریکایە لە دانوستانە ئەتۆمییەکەدا ئیدانەی هێرشەکە دەکات و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت بۆ راگرتنی ئەو شەڕە کە هەڕەشەیە بۆسەر رەوتی دیپلۆماسی و سەقامگیری ناوچەکە.  

 

فەرەنسا

"گرنگە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو وڵاتانە بکرێت لە ئارامکردنەوەی رەوشەکەدا و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەوە، نیگەرانی جدیمان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەیە"

 

ئیمارات

"هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە. جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، خۆڕاگریی و پابەند بوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەکان بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە"

 

سعودیە

"هێرشەکانی ئیسرائیل بەزاندنی سەروەری خانکی ئێران و ئارامییەتی، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

 

ئیندۆنیزیا

وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا: داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، هێرشەکان گرژییەکان قوڵتر دەکاتەوە و مەودای ململانێکانیش فراوانتر دەکات.

 

سوید

وەزارەتی دەرەوەی سوید: ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات. وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران نابێت پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

 

هۆڵەندا

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: نیگەرانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین.

 

یابان

وەزارەتی دەرەوەی یابان: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەبنە هۆی تێکچوونی رەوشەکە، جێگای داخە کە ئامرازی سەربازی بەکاردەهێنن.

 

چین

"دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێرانین"

 

عیراق

حکومەتی عیراق: هاوسۆزیمان بۆ گەلی ئێران هەیە، هێرشەکە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەم پێشێلكارییە وەك بینەر نەمێنێتەوە و هەنگاوی کرداریی بنێت.

 

تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئەو هێرشانە دەکرێت ببێتە هۆکاری زیاتر فراوانبوونی ململانێکان.

 

کاردانەوە ناوخۆییەکانی ئێران:

 

سوپای پاسداران

وەک سەرەتای کاردانەوەکان بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن و بەمزووانە هێرش دەکەنەوە سەر ئیسرائیل.

لە هەژماری رەسمی خۆشی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لەبیرتان بێت، ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد.

 

عەلی خامنەیی

عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران: ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت.

 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئێستا کاتی تۆڵەسەندنەوەیە و بە هەموو ئامرازێکی بەردەستمان تۆڵە دەکەینەوە، واز لە زایۆنییەکان ناهێنین، ئەو چیرۆکە تەواو دەکەین کە دەستیان پێ کرد، وەڵامێکی ئازاربەخشیان دەدەینەوە، پەشیمانی چاوەڕوانیان دەکات.

 

حکومەتی ئێران

"دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە"

لەلایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە تاران بەشداری لە دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران نەکات، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ساڵی 1946وە تا ئێستا زۆرترین شەڕ و ململانێ لە2024دا رویداوە، 61 ململانێ لە 31 وڵاتی جیاواز رویداوە و زیاتر لە 130 کەسیش بەهۆی شەرەوە کوژراون.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نەرویجی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوکراوەتەوە، جیهان لە 78 ساڵی رابردوودا زۆرترین شەڕی چەکداری لە 2023دا بووە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەی پێوانەیی تۆمارکراوە و 61 ململانێ و شەڕی چەکداری لە 31 وڵاتی جیاواز رویداوە.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ ئامادەکراوە، ئەوەی ئاشکراکردووە، ئەو ژمارە پێوانییە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری پێکهاتەیی و جیهان توندوتیژتر بووە لەچاو 10 ساڵ لەمەوبەر.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو شەڕانەدا ئەفریقا پشکی شێری بەرکەوتووە، کە 28 ململانێ لەسەر ئاستی دەوڵەت، واتا زیاتر لە وڵاتێک بەشداربووە، دواتر ئاسیا 17 شەڕ و ململانێی تێدا بووە، هاوکات  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10 شەڕ و پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارەکانی نێو وڵاتان رویداوە، هاوکات وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەدەرنەبوونەوە لە ململانێ و شەڕی ناوخۆیی و دەرەکەی، لە ساڵی رابردودا لە ئەوروپا سێ شەڕ و روبەرووبونەوەی چەکداری تێدا بووە، ئەمریکاش دوو ململانێی تێدا بووە.

جێگەی ئاماژەیە لە دوای ساڵی 1989 و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، 2024 کوشندەترین ساڵە کەزیاتر لە 130 هەزار کەس بەهۆی شەڕ و ململانێکان کوژراون، راپۆرتەکە ئاماژەی پێکردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، زۆرترین کوژراو لە ئەنجامی شەڕەکانی ئۆکراین و کەرتی غەززەدا بووە کە تا ئێستاش بەردەوامیان هەیە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە هاودەنگی لەجیهان و بە تایبەت لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانە دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکرێت و کۆتایی بە شەڕ و جەنگ بهێنرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ لەپێش هەڵبژاردنییەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوو کاردەکات بۆ راگرتنی جەنگ لە سەرتاسەری جیهان و ئاشتی بەدیدەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەڕی بەڵگەنامەكان، دیوێكی تری ململانێ شاراوەكانی ئێران و ئیسرائیلە، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەیەكی قوڵتر و ئاشكرا كاری لەسەر دەكرێت و هەردولا وەكو شەڕی راگەیاندن و تۆڵەكردنەوە لەدژی یەكتر بەكاریدەهێنن.

لە گەرمەی بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەكانی تاران و واشنتۆن، ئێران بومەلەرزەیەكی خستە نێو دڵی ئیسرائیل و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و تۆپەكەی هێندەی تر لەخۆی دوورخستەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران راپۆرتێكی لەبارەی دەستخستنی زانیارییە هەواڵگرییەكان لەسەر ئیسرائیل بڵاوكردەوە كە بە پرۆسەیەكی قورس و سەركەوتوو ناوی دەبات.

ئیتڵاعات سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی ئاڵۆزی هەواڵگری بۆ گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئیسرائیل دەڵێت، گورزێكی ماڵوێرانكەر بووە لە ئیسرائیلیان داوەو لە ژینگەیەكی سنووردار و لە ڕێوشوێنێكی تووندی ئەمنی ئیسرائیلدا ئەنجامدراوە و رێژەیەكی زۆر لە بەڵگەنامەكان بۆ ناو تاران بە سەركەوتوویی گوزاروەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێستا و داهاتووی ئیسرائیل و بەرنامە سەربازی و مووشەكییەكان و زاناكانی بەشدار لەو پرۆژانە ئاشكرا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئیسرائیل جگە لە ڕەگەزنامەی خۆی، لێكۆڵەرانی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی دیكەش بەكار دەهێنێت و لە داهاتووشدا بەشێكیان بڵاودەكرێنەوە.

ئیتڵاعاتی ئێران باس لەوە دەكات، رێژەیەكی بەرچاو لە بەڵگەنامەكان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی  ئێرانەوە بەكاردەهێنرێن و بەشێكیان دەتوانرێت لەگەڵ وڵاتانی دۆست ئاڵوگۆڕ بكرێت یان پێشكەش بە رێكخراو و گروپە دژە ئیسرائیلیەكان بكرێت.

وەك وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت، شێوازەكانی گەیشتن بە بەڵگەنامەكانی ئیسرائیل لەلایەن سەربازە نەناسراوەكانی ئیمامی زەمانەوە بووە و شێوازەكانی هێنانەدەرەوەیان لە ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستین، بە شێوەیەك داڕێژراوە و جێبەجێكراوە كە ئیسرائیل هەرگیز پەی تێ نابات.

بەپێی سەرچاوەكانی ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران، بەڵگەنامە نهێنییەكان هەماهەنگی تەواو لە نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئیسرائیل ئاشكرا دەكەن، هەروەها نیشانی دەدەن كە ئاژانسەكە پەیامی رەسمی و نهێنی لە ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل دەگەیەنێت كە زانیاری هەستیاریان تێدایە و لە رێگەی كەناڵە نهێنییەكانەوە بە دەزگا سیخوڕییەكانی بۆ ئیسرائیل رەوانە كراون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دووپاتیكردەوە، وەڵامدانەوەی ئەمجارەی ئێران بۆ هەر هێرشێكی ئیسرائیل، لە هەموو كاتێك كوشندەتر دەبێت، بەهۆی ئەو زانیارییانەی كە لە بەڵگەنامەكان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرییەوە بەدەستیان هێناوە.

لە هەمانكاتدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان دەربڕی، لەوبارەیەوە رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەكە رایگەیاند، كۆكردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەكان، هەنگاوێكی خراپە كە پێچەوانەی گیانی هاوكارییە.

هەرچی بێت، ئێستا رەوشەكە نە لەبەرژەوەندی ئێراندایەو نە ئەمریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا، چونكە بەشێك لە بەڵگەنامەكان پەیوەست بوون بەوەی كە تاران لە قۆناغی كۆتاییدایە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆم و بڕێكی زۆر مەترسیدار لە یۆرانیۆمی پیتاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خان مەرجان؛ میراتە 667 ساڵەکەی بەغداد و ئەو خانەی پێی دەوترا دڵی بەغداد، دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان و جارێکی دیکە گەرموگوڕی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

خان مەرجان لە ساڵی 1358دا و لە سەردەمی والی ئەمینەدین مەرجاندا دروستکراوە و لەدوای سەردەمی عەباسییەکانەوە وەک ناوەندێکی گەورەی بازرگانی و میوانخانە و دیوەخانێک بۆ رێبواران و ناوەندێکی فێربوونی نوسین و خوێندنەوە رۆڵی گێڕاوە.

خانەکە دەکەوێتە ناوجەرگەی شەقامی رەشیدی ئێستا، هونەری تەلارسازی ئاستبەرزی تێدا بەکارهاتووە کە بە بینینی چاو تێر نابێت، بەرزی خانەکە 31 مەتر و نیو و پانی رووکاری پێشەوەشی 45 مەترە.

خانەکە لە دوو نهۆمی 45 ژووری پێکهاتووە، کە سەرجەم ژوورەکان بە هونەرێکی بەرزی تەلارسازیی نەخشێنراون، ناوەڕاستی خانەکەش لە هەردوو نهۆمەکەوە دەڕوانێتە سەر گۆڕەپانێک کە بنمیچەکەی بە شێوەیەکی هونەریی رازێنراوەتەوە.

إيوان المدائن" و"خان مرجان": متى يبدأ الترميم؟

ئێستاش دوای نزیکەی 700 ساڵ، دووبارە خان مەرجانی دڵی بەغداد جمەی دێت و لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، نۆژەن کراوەتەوە و وەک مۆزەخانەیەک و شوێنێکی گەشتیاریی و ناوەندێکی هونەری و رووناکبیری بە رووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە.

نۆژەنکردنەوەی خانەکە بە جۆرێک کراوە، کە سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانی هاوشێوەی هونەری تەلارسازی ئەو سەردەمە دروستکراونەتەوە و بناغەی خانەکەش تۆکمەکراوەتەوە، هەروەها سەرجەم دیوار و بناغە و بنمیچەکانیشی کاریان تێدا کراوە بۆئەوەی لە شێ و هەر شتێکی دیکە کە ببێتە هۆی تێکدانی بیپارێزن، لە رووکاری دەرەوەشیدا سەرجەم زیادەڕەوییەکانی لێ لابراون و ئێستا خانەکەی سەردەم والی ئەمینەدین دووبارە هاوشێوەی ئەوکاتە خۆی دەنوێنێت.

بڕیارە خانەکە پاڵپشت بە کرانەوەی، ئەو خواردن و خواردنەوانەشی تێدا پێشکەشبکرێت کە بنەچەیان بەغداد خۆیەتی، هەروەها شوێنی بۆ پێشانگەی کاری دەستیی و وەرشەی فێرکردن و خولی دیکە تێدا تەرخان بکرێت و بەردەوام نمایشی هونەری تێدا بێت.

خان مرجان صورة قديمة

خان مرجان - بغداد

قراءة ثانية لعمارة: خان مرجان : بهو بغداد المترف - د.فيصل الفديع الشريف

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەزاران بەڵگەی نهێنیی هەواڵگریی و ستراتیژیی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئیسرائیل دەكات، وەزیری هەواڵگریی ئێران دەڵێت پێویستە تەلئەبیب تێبگات كە چی لەدەستداوە.

ئێران و ئیسرائیل  ئەزمونی زیاتر لە 30 ساڵ هاوكاریی هەواڵگریی هاوبەشیان هەیە و زیاتر لە 40 ساڵیشە لە ململانێیەكی توندی هەواڵگریدان  و دەستڕاگەیشتنی ئێران بەو بەڵگەنامە ستراتیژییانە بە گەورەترین تۆڵەی هەواڵگریی لە دوای ساڵی 2018 لە قەڵەم دەدرێت كە ئەو كات ئیسرائیل نزیكەی 100 هەزار بەڵگەی نهێنی ئێرانی لەو وڵاتە بردە دەرەوە.

دوای ئەوەی میدیای رەسمی ئێران بڵاویكردەوە كە وڵاتەكەی هەزاران بەڵگەی ستراتیژی و نهێنیی ئیسرائیلی دەستكەوتوە،  ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێران رایگەیاند: كۆپییەكی زۆربەی ئەو بەڵگانە بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە بۆ ئەوەی تەلئەبیب تێبگات كە چی لەدەستداوە.

بە وتەی خەتیب زۆربەی ئەو بەڵگەنامانە، پەیوەندیی بە بەرنامەی ئەتۆمیی و ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلەوە هەیە كە بە كاری هەواڵگریی ورد لە ناو خاكی ئیسرائیلەوە بەرەو ئێران گواستراونەتەوە.

میدیای نزیك لە دەزگای هەواڵگریی ئێران راشیگەیاندوە، جگە لە بەلگە نهێنییەكانی ئیسرائیل، زیاتر لە 400 هەزار دۆسیەی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە و زانیاریی نهێنیی شەش ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبوك و 40 هەزار سەعات تۆماری ڤیدیۆیی نهێنیی ئیسرائیل دەستی بەسەردا گیراوە كە بەهۆیەوە ناسنامەی23 سیخوڕی سەرەكیی ئیسرائل لە ئێران و لوبنان و عیراق و توركیا و زیاتر لە نۆ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا بووە.

وتەكانی خەتیب لە كاتێكدا دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل مۆساد لە ساڵی 2018 زیاتر لە 100 هەزار بەڵگەنامەی ئێرانی لە كۆگایەكی نهێنی لە 26 كیۆمەتریی شاری تارانی پایتەخت بۆ وڵاتەكەی گواستەوە و ساڵی رابردو وردەكارییەكانی بردنی ئەو بەڵگەنامە ئەتۆمییانەی ئێرانی بڵاوكردەوە.

مۆساد لەو سەردەمەدا ئاماژەی بەوە كردوە كە سەرجەم بەڵگەنامە و زانیارییە زانستیی و سەربازییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 1999 تا 2003ی ئێرانی لە 32 قاسەدا لە نزیك تاران بردوە كە لە ساڵی 2018 بۆ ئیسرائیلی گواستوەتەوە.

ململانێی ئێران و ئیسرائیل لە روی هەواڵگرییەوە مێژویەكی دورودرێژی هەیە و ئامانجی تاران لە بڵاوكردنەوەی بەڵگەكانی ئیسرائیل تۆڵەكردنەوەی ئەو گورزە هەواڵگریانەیە كە لە لایەن تەلئەبیب بە تایبەت مۆسادەوە بەری كەوتوە بە تایبەت كە دزەپێكردنی زۆربەی بەڵگە و زانیارییە نهێنییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پیسبوون بەهۆی پلاستیكەوە بە یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی جیهان دادەنرێت كە زیان بە ژینگە بەگشتی و بەتایبەتیش مرۆڤ و  ئاژەڵ و رووەك دەگەیەنێت، لە كۆتاییشدا دێتە ناو هەڕەمی خۆراكی زیندەوەرانەوە و ئەوەش لێكەوتەی كوشندەی هەیە.

بەپێی راپۆرتێكی نوێی پرۆگرامی ژینگەی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەگەر هیچ هەنگاوێك نەنرێت، تا ساڵی  2040 نزیكەی 227 ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیكی لەسەر رووی زەوی كەڵەكە دەبێت، بەڵام ئەگەر وڵاتان پێكەوە كاربكەن، دەتوانرێت لەڕێی چەند گۆڕانكاریەكی گەورەوە ئەو پاشماوانە بەڕێژەی ٪80 كەمبكرێنەوە.

پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان یەكخستنی هەڵوێستی  وڵاتانی جیهانی بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ پیسبوونی ژینگە بەگشتی و بەتایبەتیش پیسبوون بەهۆی پلاستیكەوە كردووە بە كاری لەپێشینەی و  ئامانجی ئەوەیە هەلۆیستەكاینان یەكبخات  بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتانەی  كە كاریگەریی  نەرێنیان لەسەر هەسارەی زەوی دەبێـت.

نكۆڵی لە گرنگی و سوودەكانی پلاستیك ناكرێت، بەڵام كاتێك فڕێ دەدرێت، زەوی دوچاری كێشەیەكی گەورە دەكات، بەتایبەتیش كاتێك لە ئاوەڕۆكانەوە یان لە كەشتیەكانەوە رۆ دەكرێتە زەریاكان، مەزەندە دەكرێت پێنج ترلیۆن پارچە پلاستیك لە زەریاكانی جیهاندا هەبێت، ئەوەش چەندین ساڵی پێویستە تاكوو نامێنێت چونكە بە شێوازێكی سروشتی شینابنەوە.

ساڵانە مرۆڤ 430 ملیۆن تۆن پلاستیك بەرهەم دەهێنێت، دوو لەسەر سێی ئەو بڕەش پلاستیكی تەمەن-كورتە كە  بەزوو یی  دەبێتە پاشماوە و زەریاكان دەتەنێت، زۆر جاریش رێی خۆیان رووەو هەڕەمی خۆراكی مرۆڤ دەگرنەبەر.

لۆرێنچ كاناڵس لێپرسراوی پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، زۆرینە ئاگادارنین ئەو پلاستیكەی رۆچووەتە ژیانی رۆژانەوە دەتوانێت كاریگەریی گەورەی هەبێت نەك تەنها لەسەر زیندەوەران بەڵكوو لەسەر كەش و تەندروستی مرۆڤیش.

لە ئاداری سالی 2022 دا وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بە دانوستان كرد لەبارەی پلانێكی نێودەوڵەتیەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پاشماوەی پلاستیكی. لیژنە دانوستانكارە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ئەو وڵاتانە گەیشتنە رێككەوتنێك لەسەر بڕیاری كۆتاییهێنان بە پیسبوون بەهۆی پلاستیكەوە، ئەوەش لەرێگەی پەسەندكردنی دەقێكی یاسایی كە وڵاتان پابەند دەكات رێگری بكەن لە دروستبوونی پاشماوەی پلاستیكی.

پرۆگرامی ژینگەی سەر  بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لەڕێی دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو پلاستیكەوە كە ئێستا بوونی هەیە، دەتوانرێت پاشماوەی پلاستیكی بەڕێژەی ٪30 كەمبكرێتەوە،  دوبارە بەكارهێناوەی بتڵی ئاویشی وەك نمونەیەكی دیاری دوبارە بەكارهێنانەوەی پلاستیك باس كردوە، ئاماژەی بەپیادەكردنی سیستمێكیش داوە بۆ كە هانی خەڵك بدات بتڵە پلاستیكییەكانیان لەبەرامبەر پارەدا بگەڕێننەوە.

لە ئێستادا تەنها ٪9ی پلاستیك لە جیهاندا بەكاردەهێنرێتەوە، بەڵام ئەگەر پلاستیكی زیاتر بەكاربهێنرێتەوە، دەتوانرێت تا سالی  2040 پیسبوون بەهۆی پلاستیكەوە بەرێژەی ٪20ی تر كەمبكرێتەوە. بۆ نموونە لەڕێی بەكارهێنانی ماددەی جیاواز، بەتایبەت ئەوانەی  مادەی ئەندامین و ئاسانتر شی دەبنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەدوای سەرهەڵدانەوەی كێشەی موچە لە نێوان هەولێر و بەغداد، سەرۆك كۆماری عیراق هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەستپێكرد و كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆئەو مەبەستە رۆڵێكی بەرچاوی هەیە و گەشبینی دروستكردووە بەو ئاراستەیەی پێش جەژن بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكات.

دوابەدوای قوڵبونەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم و نەناردنی لەلایەن بەغدادەوە، سەرۆك كۆماری عیراق وەك هەمیشە لە بەغدادەوە هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەو كێشەیە لە چوارچێوەی دەستوردا دەستپێكرد .

لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا ، رۆژی شەممە د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد و كۆبونەوەیەكی گرنگ لەسەر بابەتی موچەی هەرێم ئەنجامدرا كە بە بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش، كۆبونەوەیەكی زۆر گرنگ بوە و تێیدا  جەختكراوەتەوە  لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی لە چوارچێوەی دەستوور بۆ كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر سەبارەت بە موچەی موچەخۆران و پابەندبوونە داراییەكانی نێوانیان.

لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك كۆمار بە سەرۆك وەزیرانی عیراقی وتوە كە دەبێـت بە پشتبەستن بە یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كێشەكان چارەسەر بكرێن. جارێكی تریش سەرۆك كۆمار باسی لە گرنگیی یاسای نەوت و غاز كردوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە داراییانەی لە نێوان بەغداد و هەولێردا هەیە، چونكە چەندین جاری تریش سەرۆك كۆمار  دوپاتیكردۆتەوە كە هۆكاری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد نەبونی ئەو یاسایەیە . 

لە دوای ئەو كۆبونەوەیەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئێستا نەفەسێكی ئیجابی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی هەرێم و  هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە پێدەچێت پێش هاتنی جەژن ، بەغداد موچەی مانگی 5 خەرج بكات .

لە چوارچێوەی ئەركەكانیدا وەك سەرۆك كۆماری عیراق ، پێشتریش د. لەتیف رەشید چەندین هەوڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد داوە و هەمیشە داوای كردوە لە رێی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن چونكە هەموو جۆرە لێكتێگەیشتنێك پاڵنەرێكی ئەرێنیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا سەرۆك كۆماری عیراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای دژی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دارایی تۆماركرد  سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بە بانكیكردنی موچەكانیان، ئەو بریارەی ئەو كاتە دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار دەریكرد كە موچەخۆرانی هەرێمی سەرپشك كرد لە هەڵبژاردنی بانكەكان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بەشێكی زۆری كێشەكەی چارەسەركرد .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

منداڵی؛ ئەو قۆناغەی تەمەن کە داهاتووی کۆمەڵگەی پێوە پەیوەستە، ئەو تیانووسە سپیەی چی تێدا بنووسی ئەوەت نیشان دەداتەوە.

منداڵان ئەو نەوەیەن کە لە داهاتوودا دەبنە دەستی کار بۆ کۆمەڵگە، گەورە دەبن و خێزان پێکدەهێنن پێکهاتەی کۆمەڵایەتی داهاتووی کۆمەڵگە دیاری دەکەن، بۆیە پەروەردەکردن و زانینی مافەکان و پێدانی مافەکانیان بەر لە هەر شتێکی دیکەیە.

 

وەک کوردەواری دەڵێت: منداڵ وەک هەویر وایە، چۆنی بشێلی ئاوا دێتە بار.

 

بۆیە گرنگە دایکان و باوکان؛ مامۆستایان کە پەروەردەکاری ئەو نەوەیەن، هەروەها سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە لە دنیای رەنگاورەنگ و پاکی منداڵان تێبگەن و بە ئاراستەی پەروەردەکردنیان بە شێوەیەکی دروست هەموو هەوڵێک بدەن.

رۆژی 1ی حوزەیران؛ رۆژی جیهانیی پاراستنی منداڵانە، کە لە ساڵی 1925دا لە شاری جنێڤی سویسرا و لە کۆنفرانسی جیهانیی چاودێری منداڵاندا ئەو رۆژە راگەیەنرا و بەڕێوەچوونی ئەو یادەشیان دانا بە ئامانجی خۆشگوزەرانی منداڵان و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و زەوتکردنی مافەکانیان.

 

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ

 

منداڵان خاوەنی جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە خۆیانن و سەرجەم مافەکانیانی تێدا جێگیر کراوە.

جاڕنامەکە لە 54 ماددە پێکدێت، کە تایبەتە بە مافەکانی منداڵان و جێبەجێکردنی لەلایەن وڵاتانەوە.

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989 لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و لە ساڵی 1990ـەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ١٩٦ وڵاتی جیهان ئەندامن لە رێککەوتنەکەدا و ئەو وڵاتانەشی رێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە، پێویستە لەسەریان سەرجەم ماددەکانی جاڕنامەکە جێبەجێ بکەن.

 

مافی ژیان، خوێندن، دەربڕینی بیروڕا، بەشداری چالاکی هونەریی و کلتوری و وەرزشی و پێکهێنانی هاوڕێ

 

مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان ئەوەیە کە، منداڵان مافی ژیان و خوێندن و دەربڕینی بیر و ڕای خۆیان هەیە، هەروەها مافی خۆیانە بەشداری چالاکییە هونەری و کلتوریی و وەرزشییەکان بکەن، دەبێت دایک و باوک لە پرسە گرنگەکانی پەیوەندییان بە خودی منداڵەوە هەیە ڕا و خواستی منداڵ خۆی وەربگرن.

بەپێی جاڕنامەکە، منداڵان مافی پێکهێنانی هاوڕێیان هەیە و هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی کە لە ژینگەیەکی پەروەردەیی باشدا بێت و لە هەر رەگەز و نەتەوەیەک بێت مافی خۆیەتی کلتوری تایبەت بە خۆی هەبێت و بە زمانی دایک قسە بکات.

جاڕنامەکە بە تەواوی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە دایک و باوک و دەوڵەت پێکەوە هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە.

 

بەندەکانی مافەکانی منداڵ:

1.منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوەیە.

2.مافەکانی منداڵ بۆ هەموو منداڵێکە بەبێ جیاوازی و ئەرکی دەوڵەتە لە هەموو جۆرە جیاوازییەک بیپارێزێت.

3.لە هەموو بڕیار و هەڵسوکەوتێکدا کە پەیوەندی بە منداڵەوە هەیە پێویستە باشترین بەرژەوەندی رەچاوبکرێت.

4.پێویستە دەوڵەت هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان.

5.پێویستە لەسەر دەوڵەت رێز لە ئەرک و مافی دایک و باوکی منداڵ بگرێت لە رێنمایی کردنیدا.

6.ئەرکی دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانا دەستەبەری گەشە و مانەوەی منداڵ بکات.

7.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە ناو و ناسنامە و رەگەزنامەی تایبەت بە خۆی هەبێت.

8.ئەرکی دەوڵەتە رێز لە مافی پاراستنی ناو و ناسناە و رەگەزنامە و پەیوەندیی خێزانیی منداڵ بگرێت.

9.هەموو مندالێک مافی ئەوەی هەیە لەناو خێزانی خۆیدا بژی و بە زۆرەملێ لە خێزانەکەی جیانەکرێتەوە.

10.منداڵ و دایک و باوک مافی ئەوەیان هەیە بە مەبەستی بەیەک شادبوونەوە وڵاتێک جێبهێڵن و بڕۆنە وڵاتێکی دیکە.

11.پێویستە دەوڵەت رێگە بە رفاندن و دەستبەسەرکردنی منداڵ نەدات ئەگەر لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت.

12.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ڕای خۆی سەربەستانە دەرببڕێت لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە.

13.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ئازادانە بیر و ڕای خۆی دەرببڕێت.

14.پێویستە دەوڵەت رێز لە مافی ئازادی بیر و ویژدان و ئایینی منداڵ بگرێت.

15.منداڵان مافی پێکهێنانی کۆمەڵە و ئازادی کۆبوونەوەی ئاشتیانەیان هەیە. لە چوارچێوەی یاسایەکدا کە ئارامی و ئاسایش و سیستمی گشتی سەربەستی کەسانی تر تیایدا پارێزراو بێت.

16.هەموو منداڵێک مافی پاراستنی هەیە لە هەر جۆرە خۆهەڵقورتاندنێک لە ژیانیتایبەتی خۆی و خێزانەکەیدا.

17.ئەرکی دەوڵەتە دەستەبەری بەدەستهێنانی زانیاری بەسود و گونجاو بکات لە سەرچاوە و کەناڵی جیاجیای راگەیاندنەوە بۆ هەموو منداڵێک.

18.پەروەردەکردنی منداڵ بەرپرسیارێتی هاوبەشی دایک و باوکە بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی دەوڵەتە هاوکاریی گونجاویان بکات.

19.ئەرکی دەوڵەتە منداڵ بپارێزێت لە هەر توندوتیژییەک کە لەلایەن دایبابان و چاودێرانەوە بەرانبەر بە منداڵان دەکرێت.

20.ئەرکی دەوڵەتە بەشێوەیەکی گونجاو دەستەبەری پاراستنی ئەو منداڵانە بکات کە بێبەش دەبن لە ژینگەی خێزانیی.

21.ئەو دەوڵەتانەی گرتنەخۆیان قبوڵە، دەبێت ئەو کارە بە رەچاوکردنی باشترین بەرژەوەندییەکانی منداڵ و پەیڕەوی یاسا ئەنجام بدەن.

22.پێویستە دەوڵەت بە هاوکاریی رێکخراوەکان رێکاری گونجاو بگرێتە بەر بۆ ئەو منداڵانەی هەوڵی پەیداکردنی جێگەیەکی پەنابەری دەدەن، یان ئەوانەی بە پەنابەر دادەنرێن.

23.هەموو منداڵێکی خاوەنپێداویستی تایبەت مافی چاودێری و فێرکردن و راهێنانی تایبەتی هەیە بۆئەویە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژی.

24.ئەرکی دەوڵەتە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و پاراستن بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات و هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی منداڵ.

25.دەوڵەت دەبێت بە رێکوپێکی چاو بە رەوشی ئەو منداڵانەدا بخشێنێتەوە کە لەبەر هەر هۆیەک بە مەبەستی چاودێری و چارەسەر و پاراستن سپێردراون بە دامەزراوەکان.

26.منداڵ مافی هەیە سودمەندبێت لە دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی.

27.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە کە لە ئاستی گوزەرانێکی وادا بژی لەگەڵ گەشەی جەستەیی و عەقڵیدا بگونجێت کە ئەمەش ئەرکی باوانە بۆی جێبەجێ بکەن، دەوڵەتیش دەبێت یارمەتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە بدات.

28.ئەرکی دەوڵەتە خوێندنی سەرەتایی خۆڕایی و ناچاری بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات، بەشێوازێک کە سیستمی قوتابخانە بگونجێت لەگەڵ مافەکان و کەرامەتی منداڵدا.

29.پێویستە خوێندن پەرە بە کەسایاتی منداڵ بدات و ببێتە هۆی گەشەکردنی توانا و بەهرەکانی منداڵ.

30.منداڵانی کەمینەکان مافی ئەوەیان هەیە زمان و ئایین و کلتوری خۆیان بەکار بهێنن.

31.منداڵ مافی حەوانەوە و یاری و بەشداریکردنی چالاکی رۆشنبیری و هونەریی هەیە.

32.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە لە ئیشی قورس و مەترسیدار بەدوور بێت کە رێگر بێت لە گەشەی ژیری و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و خوێندنیدا.

33.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە پارێزراو بێت لە بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی مادە هۆشبەرەکاندا.

34.پێویستە لەسەر دەوڵەت منداڵ بپارێزێ لە هەموو شێوازێکی دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی.

35.ئەرکی دەوڵەتە هەموو رێکارێک بگرێتە بەر بۆ پاراستنی منداڵ لە کڕین و فرۆشتن و رفاندن.

36.منداڵ دەبێت پارێزراوبێت لە هەموو شێوەکانی قۆستنەوە کە لە بەندەکانی 32، 33، 34 و 35دا نەهاتووە.

37.منداڵ نابێت رووبەڕووی ئەشکەنجە یان هەر شێوازێکی دیکە لە مامەڵەی خراپبکرێتەوە و نابێت سزای لەسێدارەدان یان هەتاهەتایی بەسەردا بدرێت.

38.پێویستە دەوڵەت دەستەبەری بەشداریینەکردنی منداڵ بکات لە کێشە و ململانێی چەکداریدا.

39.پێویستە دەوڵەت راهێنانەوەی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو منداڵانە دابین بکات کە بوونەتە قوربانی هەراسانکردن و ململانێی چەکداریی و هەر مامەڵەیەکی خراپ.

40.ئەومندالانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی کەتنێک، پێویستە تەمەنیان لەبەرچاوبگیرێت و کەرامەتیان پارێزراو بێت، هەروەها راوێژکاری یاسایی و هەر یارمەتییەکی دیکەیان بۆ دەستەبەر بکرێت بۆ بەرگریکردن. باشتر وایە منداڵ نەخرێتە زیندانەوە.

41.ئەگەر یاسا دەوڵەتییەکان یان هەر یاسایەکی پەیڕەکراو لە بواری مافی منداڵدا باشتر بوون لە بەندەکانی ئەم رێککەوتنە، ئەوا دەبێت باشترەکان پەیڕەو بکرێن.

42.پێویستە دەوڵەت پابەند بێت بە هەموو ئەو مافانەی لەم رێککەوتنندامەیەدا ئاماژەیان پێکراوە و لیژنەی چاودێریکردنی مافەکان پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو راپۆرتانەی پێشکەش دەکرێت لەپێناو جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەرەتای دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا ، گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی ئەمریكا بەرانبەر ئۆكراین بینرا ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لێكنزیكبوەنەوە لە نێوان ترەمپ و سەرۆكی روسیا بەدیدەكرێت .

ترەمپ لە كابینەی پێشوو و ئێستاشیدا ، هەرگیز پەیوەندییەكی ئالۆزیی لەگەڵ روسیا نەبووە ، هەربۆیە لە ئێستادا ئەوروپا ترسی هەیە ئەمریكا پشت لە ئۆكراین و روو لە روسیا بكات . .

رۆژنامەی "زە گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات ، ئەو شێوازە ئەرێنییەی لە دیالۆگی نێوان ترەمپ و پوتن بەدیدەكرێت و دوو دڵی ئیدارەكەی ترەمپ لە توندكردنی سزاكان لەسەر روسیا ، مەترسی لای وڵاتانی ئەوروپا دروستكردوە و دیپلۆماتكارە ئەوروپییەكان دەترسن ترەمپ دەستبەرداری ئۆكراین بێت و هەوڵ بۆ دروستكردنی هاوبەشیی ئابوری لەگەڵ روسیا بدات .

بەپێی راپۆرتەكە ، ئەو سەركردانەی ئەوروپا كە هیوایان هەبوو واشنتۆن سزای نوێ بەسەر مۆسكۆ بسەپێنێت ،ئێستا هەست بە تورەیی و بێهیوایی دەكەن بەتایبەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ لەگەڵ پوتن كە 19 ی ئەم مانگە ئەنجامدرا  ، چونكە هێندەی تر ترسیان لە نزیكبونەوەی زیاتری ترەمپ و پوتن هەیە .

رۆژی 19 ی ئایار ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و پەیوەندییەكەی بە زۆر باش وەسفكرد، هاوكات پوتنیش  پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بە بنیادنەر لە قەڵەمدا .

پێش ئەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ ساڵانێكی زۆرە وەك بازرگانێك پەیوەندی بەردەوامیی لەگەڵ روسیا هەبووە و چەندینجار خۆی و هاوبەش و منداڵەكانی سەردانی روسیایان كردوە، پەیوەندی لەگەڵ بازرگانان و لێپرسراوانی حكومیی روسیا هەبووە بۆ ئاشكراكردنی دەرفتەتی پرۆژەی بازرگانیی هاوبەش لەگەڵ مۆسكۆ.

هەرچەندە ترەمپ هەرگیز رێككەوتنی بازرگانیی سەركەوتووی لە روسیا ئیمزا نەكردوە ، بەڵام وەبەرهێنەرە روسییەكان كاری زۆریان لە پرۆژە بیناسازییەكانی ترەمپدا كردوە ، كاتێكیش ترەمپ لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا مایەپوچ بوو، پارەی لە سەرچاوە روسییەكان وەك قەرز وەرگرت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ململانێیەكی شاراوە لە نێوان توركیا و ئیسرائیل بەرۆكی سوریای گرتووە، وەك دوو زلهێزی ناوچەكە دەیانەوێت نەخشەی نوێی سوریا بە ویستی خۆیان رەنگڕێژ بكەن.

كەسایەتی ئەحمەد شەرع و پاشخانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و پاڵپشتی رونی توركیا بۆی، واقیعێكی نوێی لە سوریا سەپاندووە كە زلهێزە ناوچەییەكان دەخوازن پێداچوونەوە بە هەڵوێستیان بكەن بەرامبەر دیمەشق.

ئیسرائیل و توركیا وەك دوو زلهێزی ناوچەكە، هەژموونیان بەسەر سوریای نوێدا هەیە، ئەم دوو زلهێزە سەرقاڵی روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ نین، بەڵام پێدەچێت لە پشت پەردەوە لە ركابەرییەكی توندی ناوچەییدا بن، ئەوەش وادەكات هاوسەنگی هێز لەناو سوریا لە قاڵب بداتەوە.
ئەحمەد شەرع، كەسایەتییەك كە لە دوای روخانی رژێمەكەی ئەسەدەوە لەسەر گۆڕەپانی سوریا سەریهەڵداوە، بووەتە كارەكتەرێكی گرنگ لە هاوكێشەی نوێی سوریا، وەك سوننەیەك كە پاشخانێكی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ئیسلامی توندڕەوی هەیە، هەڵبژاردەیەكی قبوڵكراو بوو بۆ ئەنقەرە كە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی بكات.

لە لایەكی ترەوە ئیسرائیل نیگەرانی لە دەركەوتنی ئەحمەد شەرع و گەیشتنی بە دەسەڵات دەردەبڕێت و وەك هەڕەشەیەكی ئەمنی سەیری دەكات.

پاڵنەرە سەرەكییەكانی ئەنقەرە بۆ پشتیوانیكردنی شەرع جگە لە خواستی رێگریكردن لە كوردانی سوریا بۆ سەربەخۆیی لە دیمەشق، خواستی فراوانكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانیەتی لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی كەنداو دوپاتكردنەوەی كاریگەرییە ناوچەییەكەی.

چاودێران دەڵێن ئەنقەرە بەدوای مۆدێلێكی ئیسلامی دیموكراتیكدا نییە لە سوریا، بەڵكو بەدوای ئیسلامێكدا دەگەڕێت كە ڕۆحی توركی هەبێت، نزیك لە ئیخوان موسلیمین كە دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەكی ستراتیژی بۆ سەر ئیسرائیل.

چاودێران پێیانوایە توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە و قەتەر و ئێستاش ئەمریكا دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی ناوچەكە دووربخاتەوە، ئیسرائیلیش بە رونی دەیەوێت سوود لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دروز وەربگرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شەڕی گرووپە توندڕەوەكان دەكەن كە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل، جگە لەوەش تەلئەبیب هەوڵ دەدات سوریا بخاتە نێو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵیدا.

لە نێوان توركیا و ئیسرائیلدا، سوریا خۆی لە نێوان دوو زلهێزدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشە نوێییەكانی ئەمریكا بۆ هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی راگوزەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هێندەی تر ترسی خستووەتە دڵی دیمەشق و توركیاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو گرێبەستی وزەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی، پێدەچێت گرژییەكانی هەولێر و بەغداد لەسەر دۆسییەی نەوت و غاز توندتر بكات.


لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بە دەستكەوتێكی گەورەو گرنگی دەبینێت بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام بەغداد بە "نایاسایی و سەرپێچی" ناوی دەبات.


رۆژی دووشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئیمزاكردنی دوو گرێبەستی وزەی لە بواری پیشەسازیی نەوت و غاز لە ئەمریكا بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (HKN Energy) و (WESTRN ZAGROS) راگەیاند.
مەسرور بارزانی لەبارەی گرێبەستەكانەوە وتی، "قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمریكا دەستپێدەكات".


بەوتەی كەمال موسلیم، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بەهای گرێبەستەكانی هەردوو ڕێككەوتنەكە دەگاتە 110 ملیار دۆلار كە یەكێكیان بەرهەمهێنانی غازە لە كێڵگەی میران لە سنوری چەمچەماڵ "كە یەدەگەكەی بە 8 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت" و ئەوی دیكەشیان پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی كیڵگەی نەوتی تۆپخانە و كوردەمیرە لە سنووری گەرمیان.


سەرەڕای خستنەڕووی گرنگیی گرێبەستەكان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرزوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دژی گرێبەستەكان هاتە دەنگ و جەختی لەوە كردەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عیراق و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، "ئەو گرێبەستانە پوچەڵن".
هەروەها وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش كردووە، "گرێبەستەكان نایاسایین و سەرپێچییەكی روونی یاسان، سەرەڕای پێویستیی عیراق بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەبەرهێنان لەبواری غاز و پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا".


ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سامانە سروشتییەكان موڵكی سەرجەم عیراقییەكانە و هەر وەبەرهێنانێك لەو سامانەدا بكرێت، پێویستە لەرێگای حكومەتی عیراقەوە بێت".
لای خۆیەوە تۆفیق شاهین، سەرۆكی كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس رایگەیاندووە،  گەشەپێدانی كیڵگەی نەوتی تۆپخانە و كوردەمیر، رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە دەستەبەركردنی و گەیاندن و دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ ملیۆنان كەس لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.


ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بەغداد و هەرێم لەسەر كەرتی وزەو نەوت كێشەی قوڵ كەوتووەتە نێوانیان، وەزارەتی نەوتی عیراق پێشتر لە دادگای پێداچوونەوەی كەرخ سكاڵای لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار كرد كە لە كەرتی نەوتی هەرێم كاردەكەن و گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە.


لە ساڵی 2022دا دادگای فیدراڵیی عیراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە نادەستوری ناوبرد كە لە ساڵی (2007) لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە.


لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كرد بە رادەستكردنی سەرجەم بەرهەمە نەوتییەكان و پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم‌ لەگەڵ كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوت‌ و دەرهێنانی‌ و هەناردەكردن‌ و فرۆشتنی ئیمزای كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...77