ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری، نوێنەرانی یەکێتی بەڵێندەران و بەڕێوەبەرانی بانکەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دیناری دەرکرد بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

ئەم کۆبوونەوانە بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بووە کە روبەروی پرۆژەکان بوونەتەوە لە سنووری ئەو پارێزگا و ناوچانە. دوای گوێگرتن لە کێشەکان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد لە بەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانن.

بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئەمڕۆ چوارشەممە  بڵاوکراوەتەوە، بڕەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:

- 8.5ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی، لەوانە 4.5 ملیار بۆ دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و 4 ملیار بۆ دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا.

- 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانی (شاڕێی بابان)

- 5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان

- 10.5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاکان کە بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:

  - 3.5 ملیار بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری

  - 3 ملیار بۆ پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان

  - 2 ملیار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین

  - 2 ملیار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە

-1.5 ملیار دینار وەک شایستەی پارەی خۆڵ و خاشاک

 

هەروەها وەزیری دارایی بڕیاری داوە بە بەردەوامبوونی کاری لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی "التأمینات و خطاب الضمان"ی بەڵێندەران لە سەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.