ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچەی چیاکانی قودس کەوتووەتەوە و میدیاکانی ئیسرائیل بە خراپترین ئاگری ناودەبەن کە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردودا کەوتبێتەوە.
دەسەڵاتەکانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە باری نائاسایی و دەستپێکردنی پرۆسەی چۆڵکردنی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا نیشتەجێبووەکانی ژێر هەڕەشەی ئاگریان راگەیاند.
فەرماندەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند کە تا ئێستا بەڵێنی گەیشتنی سێ فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەی جۆری "قندهیر"یان لە ئیتالیا و کرواتیاوە وەرگرتووە، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەوانە یۆنان و قوبرس بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە ئاسمانەوە بەردەوامە.
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند کە رێگای خێرای ژمارە 1، کە یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی ناوچەکە، بەهۆی گەیشتنی ئاگرەکە پێی بە ناچاری داخراوە. وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیای "نتیفی یسرائیل" رونیان کردەوە کە تیمە تایبەتەکان پەرژینی جیاکەرەوەیان بە درێژایی رێگاکە هەڵگرتووە بۆ ئاسانکردنی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن.
هاوکات هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە بۆ ناوچەکانی نیڤە شالۆم، بێت مەئیر، نەحشۆن، میڤۆ حۆرۆن، کۆمەڵگای لەترون و پارکی کەنەدا بڵاوبووەتەوە و لە ناچاریدا بە هەزاران کەس ناوچەکانیان چۆڵکردووە. بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژاندنەوە و فریاکەوتنیش رایگەیاندووە کە 105 تیمی ئاگرکوژاندنەوە لەسەر زەوی و12 فڕۆکە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
بەپێی پێشبینی کەشناسی، خێرایی با لە نێوان 60 بۆ 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە، ئەمەش وایکردووە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ تیمەکان زۆر قورس بێت.
لە نەخۆشخانەی هەداسا عەین کارم، کە نزیکە لە ناوچەی ئاگرەکە، بەشێک لە نەخۆشەکان گواستراونەتەوە و هەروەها ستافەکە ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنی برینداران.
بەوتەی پۆلیس، پیاوێک لە دانیشتوانی ئوم تووبا کە لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، بە تۆمەتی ئاگر تێبەردانی کێڵگەیەک دەستگیرکراوە.
وەزارەتی دەرەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل داوای لە پێنج وڵات کردووە هاوکاریبکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی قودس ئاگرەکەی بە "بێ وێنە لە خێرایی و فراوانیدا" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر شارۆچکەیەک لەژێر هەڕەشەدا بێت، دەستبەجێ چۆڵ دەکرێت.