کۆریای باکور تاقیکردنەوەی چەکێکی بەهێزی لە جۆرێکی نوێ ئەنجامدا
بڵند
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
کۆریای باکور بەردەوامە لە تاقیکردنەویە موشەکە نوێیەکانی و لە نوێترین تاقیکردنەوەشدا، میدیای وڵاتەکە ديڵێت؛ موشەکێکیان تاقیکردوەتەوە دەبێتە سەرئێشەیەکی بێ دەرمان بۆ نەیارەکانیان.
میدیا رەسمییەکانی کۆریای باکور ڕایانگەیاند، كیم جونغ ئون، رێبەری وڵاتەکە، سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی سیستمێکی چەکی نوێی کردووە و رایگەیاندووە کە ئەم تاقیکردنەوەیە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێشکەوتنی بەردەوامی توانا سەربازییەکانی پیۆنگیانگ نیشان دەدات.
ئاژانسی دەنگوباسی ناوەندیی کۆریای باکور ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی و بە ئامادەبوونی رێبەری وڵات چەکەکەی تاقیکردووەتەوە و كیم ستایشی تاقیکردنەوەکەی کردووە و بە بەڵگەیەکی دیاری "تەکنەلۆجیای بەرگریی زۆر هاوچەرخ" وەسفی کردووە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەم توانایانە سەرئێشەیەکی بێدەرمان بۆ نەیارانی وڵاتەکەی دروست دەکات و رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ئامادەیی بۆ جەنگ و گەشەپێدانی ئایندەی هێزە چەکدارەکاندا.
ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات کە کۆریای باشوور و ژاپۆن تەئکیدیان کردەوە پیۆنگیانگ دوو موشەکی باڵستیی کورتمەودای بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵداوە.


