سی ئێن ئێن بڵاویکردوەتەوە، سەرۆک کۆماری ئێران و وەفدەکەی لەژێر رێکارێکی توندی ئەمنیدان و دەبێت چالاکیەکانیان تەنها لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت، رێگەی چونە فرۆشگاگەورەکان وکرێنی کەلوپەلیشیان پێنادرێت.

سی ئێن ئێن لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، پاراستنی ئاسایشی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەسپێردرێتە هێزی نهێنی ئەمریکا.

لە هەمان کاتدا، ئاسایشی ئەندامانی دیکەی وەفدەکەی تاران لەلایەن هێزی ئاسایشی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەپارێزرێت.

هاوکات، لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی تاران تەنها بە مەبەستی نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی هاتنەژوورەوەیان پێدراوە و دەبێت چالاکییەکانیان تەنها لە چوارچێوەی کاروباری ئەو ڕێکخراوەدا بنوێنن.

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی رێکارەکان، ئەگەر بڕیار بێت وەفدەکە بچنە دەرەوەی ناوچەی دەوروبەری بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کێنیدی، یان نوێنەرایەتیی ئێران، دەبێت پێشوەختە داوای مۆڵەتی رەسمی بکەن.

جگە لەوەش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بڕیارەکەی ساڵی ڕابردووی ئیدارەی ترەمپ هێشتا کاریپێدەکرێت و بەپێی ئەوە  لێپرسراوانی ئێران مافی کڕینی کەلوپەلی گرانبەها و سەردانیکردنی فرۆشگە گەورەکانی ئەمریکایان لێ قەدەغە کراوە.