بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک؛ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی نێودەوڵەتیی ئوردنی بەدەستهێنایەوە
بڵند
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی هەڵسەنگاندنی جیهانیی لە لایەن دەستەی متمانەپێکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردنی پێدرا و بەمەش بڕوانامەی دەرچوەکانی لە جیهاندا باوەڕپێکراو دەبێت.
کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی نێودەوڵەتیی ئوردنی بەدەستهێنایەوە و زانکۆی سلێمانیش دەڵێت؛ ئەمە بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی کۆلێژی پزیشکی لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکە.
زانکۆی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دەستەی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆریی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە شانشینی ئوردن، بڕیاری بەردەوامیدان بە بەخشینی بڕوانامەی متمانە و دڵنیایی جۆری بۆ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی دەرکرد.
بەپێی نوسراوی رەسمی دەستەکە، ئەنجومەنی دەستەکە بڕیاریداوە بە نوێکردنەوە و بەردەوامیدان بەبڕوانامەی متمانەبەخشین بۆ پڕۆگرامی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی.
ئەم بڕیارەش وەک بەڵگەی پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆی سلێمانی دەستنیشان کراوە بۆ پاراستنی ستانداردە جیهانییەکانی خوێندنی پزیشکی و بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.


