فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان بەربەیانی ئەمڕۆ، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ویلایەتی کۆنەر لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵێک لە ناوچەی پاتان لە بەڕێوەبەرایەتی نورگل، لانی کەم سێ کەس کە دوویان ئافرەتن کوژراون و چوار کەسی تریش برینداربوون، و ماڵەکەش بە تەواوی وێران بووە.

هاوکات، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەکانی پاکستان بۆردومانی بەڕێوەبەرایەتی بەر مەلیان لە ویلایەتی پەکتیکای باشور کردووە و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ماڵ و دوکانەکانی ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەر زیانی گیانیی ئەو ناوچەیە بەردەست نییە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیادی کردووە، دوای ئەوەی ئیسلام ئاباد، دەسەڵاتدارانی کابل بە حەواندنەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان تۆمەتبار دەکات.

لە بەرانبەردا تاڵیبانی ئەفغانستان ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و هێرشەکان بە بەزاندنی سەروەریی خاکی ئەفغانستان دەزانێت.