وەزارەتی نەوتی عیراق: تەنها لەیەک رۆژدا چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە
سەوسەن سەید
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق روونکردنەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە زانیاریی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە، کە باس لە گەیشتنی ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاوی عیراق بۆ چوار ملیۆن بەرمیل دەکات.
وەزارەتی نەوت رایگەیاند: تۆمارکردنی ئاستی چوار ملیۆن بەرمیل تەنها بۆ یەک رۆژی دیاریکراو بووە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بارێکی نەوتی خاوی گەیارەی لە دەرەوەی گەروی هورمز هەناردە کرد، هاوکات لەگەڵ بارکردنی بڕی ئاسایی بۆ فرۆشتن لە بەندەرەکانی باشور و رێگەی دەروازەی باکورەوە.
روونیشیکردەوە: تێکڕای راستەقینەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عیراق لە مانگی ئەیلوولدا تا ئامادەکردنی ئەم روونکردنەوەیە، نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی هەناردەکردن و تۆمارکردنی ئەم ژمارانە لە سایەی بەردەوامیی داخرانی گەروی هورمز و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، دەستکەوتێکی گەورەیە و بە ئامانجی دابینکردنی بەرزترین ئاستی داهاتی داراییە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

