سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی چین گفتوگۆیەکی "زۆر سەرکەوتوو"یان سەبارەت بە پرسی بازرگانی و ژیریی دەستکرد (AI) ئەنجامداوە، و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردووەتەوە سەبارەت بەو مەترسییانەی کە پەیوەندییان بە ژیریی دەستکردەوە هەیە.

بیسێنت دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوومان لەگەڵ لایەنی چینی لەبارەی بازرگانی و ژیریی دەستکرد ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکاندا کە نزیکەی هەشت سەعاتیان خایاند و لە بارەگای سەرەکیی بانکی "جی پی مۆرگان چەیس" لە نیویۆرک بەڕێوەچوون، جەیمسۆن گێریەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکاش بەشدار بوو.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێشنیازی دروستکردنی میکانیزمێکی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە سەبارەت بە روداوەکانی وەک هەرەشە ئاسایشییەکان و وتی: ئەوەی تاوتوێمان کرد دروستکردنی میکانیزمێکە بە ناوی 'دیالۆگی ئەمریکی-چینی سەبارەت بە ژیریی دەستکرد'، و رێککەوتین لەسەر سازکردنی کۆبوونەوەی تریش.

لەلایەکی ترەوە، جەیمسۆن گێریەر نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "زۆر پێویستە بتوانین پێکەوە کار بکەین."