وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤ ھەزار و ٥١٢ کەسی تر تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٨ کەسی تریش گیانیان لە دەستدا، کۆی گشتی تووشبووانیش گەیشتووەتە سەروو یەک ملیۆن و ١٣٢ ھەزار کەس، تا ئێستاش نزیکەی ١٦ ھەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و ڕێژەی چاکبوونەوەش گەیشتووەتە ٩٠.٩٪ی چاکبووان.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش ڕایگەیاند، سێیەم گەشت بۆ ئەو عێراقییانە ڕێکدەخەن کە لە "ھندستان" گیریان خواردووە، ھێڵی ئاسمانی عێراقیش باشترین ڕێکاری تەندروستی دەگرێتەبەر لە کاتی گەشتەکە و گەڕانەوەی ئەو کەسانەش بۆ وڵاتەکە بە پێی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق دەبێت.
"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی کار چاودێری و چاککردنەوەی فڕۆکەکانی ئێف ١٦ دەکەن، کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر بەرزکردنەوەی توانای ھێزە عێراقییەکان، بە کشانەوەی کارمەندانی کۆمپانیای "لوکھید مارتن"یش کە کاری چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە دەکەن، کاریگەری لەسەر مەشق و راھێنان و تەواوکردنی پڕۆگرامەکان بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە عێراقییەکان دروست دەکات. بە وتەی "خەفاجی"، فڕۆکەکانی ئێف ١٦ بڕبڕەی پشتی ھێزەی ئاسمانی عێراقن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
کۆمپانیای "لوکھید مارتن"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەھۆی ھەڕەشەی ئەمنییەوە کارمەندانی لە بنکەی سەربازی "بەلەد" دەکشێنێتەوە و بەشێکیان بەرەو ئەمریکا و بەشێکیان بەرەو ھەولێر دەگوازێتەوە، تا گرەنتی کردنی ئەمنییەتیشیان ناگەڕێنەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤ ھەزار و ٦٦٦ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٢١ کەسی تریش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە و ٥ ھەزار و ٤١٧ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای سەرھەڵدانی تا ئێستا، ملیۆنێک و ١٢٧ ھەزار و ٨٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ملیۆنێک و ٢٣ ھەزار و ٨٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٥ ھەزار و ٨٥٥ تووشبووش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە.
دەیان ھاوڵاتی عێراق کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویان لە ھیندستان کردووە، بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لەو وڵاتە گیریان خواردووە و وەک خۆیان دەڵێن باڵیۆزخانەی عێراق و ھێڵی ئاسمانی عێراقی کارئاسانیان بۆ ناکەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ھاوڵاتییەکی کورد لە ھیندستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، سەرباری ئاستەنگییەکان، باڵیۆزخانەی عێراق جیاکاری دەکات لە نێوان کورد و عەرەب و زیاتر کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەکان دەکات.
وتیشی، زۆرێک لەو ھاوڵاتیانە پارەیان پێ نەماوە و بلیتی فڕۆکەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ھەزار دۆلار.
ھاوکات، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، بەریتانیای تۆمەتبار کرد بە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە "کەربەلا" و ڕایگەیاند دەبێت بەریتانیای داگیرکەر باجی ئەو کارانەی بدات.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی دەستیان ھەبووە لە سوتاندنی شورای کونسوڵخانەی "ئێران" لە کەربەلا.
"ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، پێویستە حکومەت ھەوڵی جدی بدات بۆ گەیشتن بە تۆمەتباران و بەرقەرارکردنی ئاشتی، ڕاشیگەیاند تیرۆر ھەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا.
ھاوکات "فازل غەراوی" ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٥ ڕووداوی تیرۆرکردن لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە عێراق، تۆمارکراوە.
ڕیاز عەبدولئەمیر حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە ھیندستان گەڕاونەتەوە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە و بەمنزیکانە ئەنجامی پشکنینیەکان دەردەچێت، بەڵام لە ئێستادا ناتوانن دیاری بکەن کە ئایا ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون تووشبووی کۆرۆنای ھیندین یاخود جۆرەکانی تری کۆرۆنا.
ھۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئەو کاتەی کارەکان لە تاقیگەی پشکنین لە عێراق کۆتایی نەیەت ناتوانن پشکنین بۆ جۆرە نوێکانی کۆرۆنا بکەن، کۆتاییھاتنی کارەکانیش لەو تاقیگەیە لانیکەم دوو مانگی پێویست دەبێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بەوە دەدات کە نازانن ڤاکسینەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر کۆرۆنای ھیندی ھەیە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت بەکارھێنانی ڤاکسین باشترە لە بەکارنەھێنانی.
دەشڵێت تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا خۆیان کوتیوە، بۆیە پێویستە عێراقییەکانیش زیاتر بە دەم بەکارھێنانی ڤاکسینەوە بچن.
"یەحیا ڕەسوڵ" ڕایگەیاند، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ئۆپراسیۆنی ئەمنیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
وتیشی ھەماھەنگیمان ھەیە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە و بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەبارەت بە ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش کە لە خاکی عێراق جێگیرکراون، "یەحیا ڕەسوڵ" وتی لیژنەیان پێکھێناوە بۆ دیاریکردنی خشتەی زەمنی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد،"ئەحمەد حەسەن" رۆژنامەنووس و بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵی فورات نیوز، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای دیوانیە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە، دوو فیشەکە بەر سەری کەوتوون و بەسەختی برینداربووە، بەھۆی سەختی برینەکەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری بەغداد کراوە و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە.
ھەوڵی تیۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە لە کەربەلا چالاکوانێکی مەدەنی دیاری ئەو شارە، لەلایەن کەسانی نەناسراوە تیرۆر کرا، موقتەدا رەوتی سەدریش لە تویتێکدا رایگەیاند، تیرۆرکردن کارێکی ترسنۆکانەیە، داواشی لە حکومەت کرد، بەزووترین کات لیژنەیەکی لێکۆڵینەو پێکبھێنێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، "ئیھاب وەزنی" لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ناوچەی "حەداد" لە "کەربەلا" تیرۆر کراوە، ھێزە ئەمنییەکانیانیش تیمێکیان پێکھێناوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری نوێ لەسەر ئەو رووداوە.
ئەو چالاکوانە ئەندام و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بووە و ھەواڵی تیرۆرکردنیشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و چەندین ڤیدیۆی بڵاوکراونەتەوە.
لە عێراق لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان چالاکوان بوون، ئەگەرچی حکومەتی عێراق دۆسیە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکدەھێنێت بەڵام تا ئێستا ئەنجامێک رانەگەیەندراوە.
ریاز حەلف بەرێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، بەھۆی ئەوەی لە ئێستادا ناتوانن کۆرۆنای ھندی و کۆڤید ١٩ لێک جیا بکەنەوە، بۆیە ھەموو ئەوانەی لە ھندستانەوە دەگەرێندرێنەوە عێراق بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە شوێنی تایبەت کەرەنتین دەکرێن و لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێری دەکرێن.
راشیگەیاندوە، تەنانەت ئەوانەش کە پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەردەچێت ھەفتانە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە چاودێری دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە سەلامەتیان، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی رێگری بکەن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنای ھندی لە عێراقدا.