(فالح فەیاز) سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ھێزەکانی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی دامەزراوەی وەزارەتی بەرگری پابەندی تەواویان ھەیە بەو سیاسەتەی کە حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی گوزارشتی لێدەکات.
وتیشی، ھیچ بەڵگەیەک نییە ھێزەکانیان تێوەگلابێت لە بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان لە بەغداد.
(فالح فەیاز) ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ھەڵبژاردن و نەھێشتنی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا، ئەرکی حکومەتە.
پێگەی زە -کۆنڤێرسەیشنی ئوستوراڵی ئاشکرایکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٤ ھەزار پۆلیس لە سەرانسەری عێراق لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تیرۆرکراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گروپی تیرۆیستی داعش بەرپرسیارێتی زۆرترین تیرۆرکردنی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی گرتۆتە ئەستۆ، لەسەر ئاستی عێراقیش پارێزگای دیالە مەترسیدارترین ناوچەیە بۆ ھێزەکانی پۆلیس.
کازمی، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان و تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پێکھێنانی حکومەتەکەی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بگونجێت لەگەڵ ئیرادەی گەل، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش وەک دوا وادە بۆ پڕۆسەکە دیاریکراوە و ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان لەو پێناوەدا خستووەتە گەڕ.
جەختیشی کردەوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەی داوە سورە و بەشداری ھەڵبژاردن ناکات و پشتیوانی ھیچ ھێزو لایەنێکیش ناکات.
وتیشی، حکومەتەکەی لە ڕەوشێکی سەخت و قەیرانی داراییدا لە دایکبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا دەستکەوتی باشی ھەبووە، لەوانەش کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کڕینی چەندین جۆر ڤاکسین. ڕەتیشیکردەوە، عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەندرابوو.
بریاریش دراوە کار بە بریاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار بکرێت کە لە ٩ی شەو تا ٥ی بەیانی دەبێت، بەڵام بڕیاری داخستنی دوکان و چێشتخانە و قاوەخانەکان تەواوی ڕۆژانی جەژن بەردەوام دەبێت و ڕێگە بە گەشتی بە کۆمەڵ لە نێوان پارێزگاکان نادرێت.
پێش بڕیارەکەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، ژمارەیەک لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بڕیاریاندا پابەند نەبن بە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی گشتگیر و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار پەیرەو بکەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕایگەیاند بەھۆی ئەوەی نەتوانراوە بە چاو مانگ ببینرێت، ڕۆژی پێنجشەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی ھەینی لای شوێنکەوتووانی مەرجی باڵای شیعەکان، یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤ ھەزار و ٥١٢ کەسی تر تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٨ کەسی تریش گیانیان لە دەستدا، کۆی گشتی تووشبووانیش گەیشتووەتە سەروو یەک ملیۆن و ١٣٢ ھەزار کەس، تا ئێستاش نزیکەی ١٦ ھەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و ڕێژەی چاکبوونەوەش گەیشتووەتە ٩٠.٩٪ی چاکبووان.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش ڕایگەیاند، سێیەم گەشت بۆ ئەو عێراقییانە ڕێکدەخەن کە لە "ھندستان" گیریان خواردووە، ھێڵی ئاسمانی عێراقیش باشترین ڕێکاری تەندروستی دەگرێتەبەر لە کاتی گەشتەکە و گەڕانەوەی ئەو کەسانەش بۆ وڵاتەکە بە پێی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق دەبێت.
"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی کار چاودێری و چاککردنەوەی فڕۆکەکانی ئێف ١٦ دەکەن، کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر بەرزکردنەوەی توانای ھێزە عێراقییەکان، بە کشانەوەی کارمەندانی کۆمپانیای "لوکھید مارتن"یش کە کاری چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە دەکەن، کاریگەری لەسەر مەشق و راھێنان و تەواوکردنی پڕۆگرامەکان بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە عێراقییەکان دروست دەکات. بە وتەی "خەفاجی"، فڕۆکەکانی ئێف ١٦ بڕبڕەی پشتی ھێزەی ئاسمانی عێراقن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
کۆمپانیای "لوکھید مارتن"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەھۆی ھەڕەشەی ئەمنییەوە کارمەندانی لە بنکەی سەربازی "بەلەد" دەکشێنێتەوە و بەشێکیان بەرەو ئەمریکا و بەشێکیان بەرەو ھەولێر دەگوازێتەوە، تا گرەنتی کردنی ئەمنییەتیشیان ناگەڕێنەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤ ھەزار و ٦٦٦ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٢١ کەسی تریش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە و ٥ ھەزار و ٤١٧ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای سەرھەڵدانی تا ئێستا، ملیۆنێک و ١٢٧ ھەزار و ٨٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ملیۆنێک و ٢٣ ھەزار و ٨٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٥ ھەزار و ٨٥٥ تووشبووش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە.
دەیان ھاوڵاتی عێراق کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویان لە ھیندستان کردووە، بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لەو وڵاتە گیریان خواردووە و وەک خۆیان دەڵێن باڵیۆزخانەی عێراق و ھێڵی ئاسمانی عێراقی کارئاسانیان بۆ ناکەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ھاوڵاتییەکی کورد لە ھیندستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، سەرباری ئاستەنگییەکان، باڵیۆزخانەی عێراق جیاکاری دەکات لە نێوان کورد و عەرەب و زیاتر کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەکان دەکات.
وتیشی، زۆرێک لەو ھاوڵاتیانە پارەیان پێ نەماوە و بلیتی فڕۆکەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ھەزار دۆلار.
ھاوکات، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، بەریتانیای تۆمەتبار کرد بە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە "کەربەلا" و ڕایگەیاند دەبێت بەریتانیای داگیرکەر باجی ئەو کارانەی بدات.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی دەستیان ھەبووە لە سوتاندنی شورای کونسوڵخانەی "ئێران" لە کەربەلا.
"ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، پێویستە حکومەت ھەوڵی جدی بدات بۆ گەیشتن بە تۆمەتباران و بەرقەرارکردنی ئاشتی، ڕاشیگەیاند تیرۆر ھەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا.
ھاوکات "فازل غەراوی" ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٥ ڕووداوی تیرۆرکردن لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە عێراق، تۆمارکراوە.