چیرۆکی سێ رۆژ مانەوە لەناو گەروی هورمزدا
رێبین
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لە ناوەڕاستی جەنگ و بۆردومانكردنی كەشتییەكاندا، لویس پیو، مەلەوانی جیهانی گەشتێكی سێ رۆژەی لە ئاوەكانی كەنداو ئەنجامدا، بە ئامانجی راكێشانی سەرنجی جیهان بۆ سەر قوربانییەكی لەبیركراوی جەنگەكان، كە ئەویش ژینگە و سروشتە.
پیو یەكەم زانیاریی گەشتەكەی لە رێگەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسەوە بڵاوكردەوە، ساتە ترسناكەكانی مەلەوانییەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، تەنیا 30 خولەك دوای دەستپێكردنی مەلەوانییەكەی، كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە دووریی چەند كیلۆمەترێكەوە كراوەتە ئامانج و تەقینەوەكان ئاوی دەریاكەیان لە دەوروبەریدا هەژاندووە.
لە رۆژانی دواتریشدا پیو بە چاوی خۆی هێرشی دیكەی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان بینیوە كە بڵێسەی ئاگریان تێبەربووە.
ئەو چالاكوانە ژینگەییە جەخت دەكاتەوە كە جەنگ كارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام زیانە ژینگەییەكانی كەمتر باس دەكرێن.
پیو گەرووی هورمز بە یەكێك لە سەرسوڕهێنەرە سروشتییەكانی جیهان وەسف دەكات كە چیای بەرز، دارستانەكانی مانگرۆڤ و مەرجانە دەریاییەكان لەخۆدەگرێت و مۆڵگەی دۆلفین و كیسەڵی دەریاییە.
ئەم مەلەوانە هۆشداری دەدات لە بەئامانجگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگر و غاز هەڵگرەكان و دووپاتیدەكاتەوە كارەساتێكی ژینگەیی دروستدەكات كە دەیان ساڵ كاریگەرییەكەی دەمێنێتەوە، بۆیە پەیامەكەی بە كورتی ئەوەیە شەڕ رابگرن، گەرووەكە بكەنەوە و ئەوەشی پیسبووە پاكی بكەنەوە.
لویس ویلیام گۆردن پیو، لەدایكبووی ساڵی 1969ی بەریتانیایە و هاوكات رەگەزنامەی باشووری ئەفریقای هەیە، پارێزەرێكی پسپۆڕی یاسای دەریایی و نێودەوڵەتییە.
پیو بەوە ناسراوە لە سەختترین و هەستیارترین ژینگەكانی جیهاندا تەنیا بە جلوبەرگێكی سادەی مەلەوانی و چاویلكەوە مەلە دەكات، ئێستاش لە گەرووی هورمزەوە داوای پاراستنی ئەو سامانە سروشتییە دەكات لە ئاگری جەنگ.



