هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداری لە پیلانێكی ئێران دەدات بۆ تیرۆركردنی ترەمپ بە درۆنی بۆمبڕێژكراو.

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل كە لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەكی دیكەی رۆژئاواییەوە پشتڕاست كراونەتەوە، ئێران پیلانێكی مەترسیداری داڕشتووە بۆ بەئامانجگرتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای ئیدارەكەی، ئەویش لە رێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە.

رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆمـی ئیسرائیلی لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئەمریكی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی كردووەتەوە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) زانیاریی ورد و نوێی سەبارەت بە هەڕەشە دیاریكراوەكانی ئێران داوەتە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا، ئەم هەنگاوەش دوای داواكارییەكی ئەمریكا هاتووە بۆ دڵنیابوونەوە لەو هەڕەشانەی كە دەزگا هەواڵگرییەكانی واشنتۆن هەستیان پێ كردبوو.

لە ئێستاشدا رۆمان گۆفمان، سەرۆكی مۆساد یەكێكە لە نزیكترین كەسەكان لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی كاربەرێكەری ئیسرائیل، بە سەردانێك لە ئەمریكایە و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە، لە نێویاندا جۆن راتكلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی كۆبووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ناتانیاهۆ فشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ دەستپێكردنەوەی جەنگ دژی ئێران.
لێپرسراوانی باڵاكان ئاماژەیان بەوە كردووە ئەمریكییەكان پێشوەختە ئاگاداری بوونی هەڕەشەی ئێرانی بوون دژی لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، راەری باڵای ئێران لە رۆژانی سەرەتای دەستپێكردنی هێرشە هاوبەشەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

بە وتەی سەرچاوەكان، زانیارییە هەواڵگرییە نوێیەكان ئاماژە بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش دەكەن لە رێگەی درۆنی هەڵگری تەقەمەنییەوە؛ شێوازێك كە بەرپەرچدانەوەی لە ڕێگەی ڕێكارە ئەمنییە تەقلیدییەكانەوە زۆر قورسە و ئاستەنگی گەورە بۆ تیمەكانی پاراستن دروست دەكات.
لە ژێر رۆشنایی ئەم هۆشدارییانەدا، واشنتۆن رێوشوێنی ئەمنیی بێپێشینەی بۆ پاراستنی سەرۆك و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی گرتووەتە بەر و دۆناڵد ترەمپ دەركەوتنە ئاشكراكانی بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراونەتەوە، بەتایبەت لەو چالاكییانەی لە شوێنە كراوەكاندا بەڕێوەدەچن كە پێش هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس ئەنجام دەدران.

لە كاتی هەر دەركەوتنێكیشدا لە دەرەوە، سەرەڕای پاسەوانیی تەقلیدی، سیستەمی پێشكەوتوو و تایبەت بە پووچەڵكردنەوە و تێكشكاندنی درۆن بڵاوەیان پێدەكرێت.

بەپێی تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوز، سكۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا كە سەرپەرشتیی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران دەكات، لە ماڵەكەی خۆی لە واشنتنەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو بنكەیەكی سەربازیی پارێزراو.

هەریەك لە ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ، لە چوارچێوەی ڕێكارە خۆپارێزییەكاندا گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراو لە ناو دامەزراوە سەربازییەكاندا.

ئەو لێپرسراوانەش ئاماژەیان بەوەشكردووە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان لە نێوان ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە و پاشەكشەی خێرای دەرفەتەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەستووەتەوە. ئەوان پێیان وایە ئەم هەڕەشانە یەكێك بوون لە هۆكارە سەرەكییەكانی گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ بەرانبەر بە دانوستانەكان.