لە ساڵیادی راگەیاندنی سەربەخۆیی فەلەستیندا، توركیا جەخت لە بەردەوامی پشتگیرییەكانی دەكاتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە پایتەختەكەی قودسی رۆژهەڵات بێت.

بورهانەدین دوران، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، لە 38ەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەربەخۆیی فەلەستیندا رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری لەسەر بنەمای سنوورەكانی ساڵی 1967 كە قودسی رۆژهەڵات پایتەختەكەی بێت.

وتیشی، راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، گوزارشتێكی مێژوویی بوو لە ئیرادەی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین.

سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا جەختیشیكردەوە، وڵاتەكەی لە هەمان رۆژدا دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە و لەپاڵ خەباتی رەوای ئەو گەلەدا وەستاوە، ئێستاش بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكەدا.

پێشتر و لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی نۆزدەیەمین خولی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەلەستین لە جەزائیر لە 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، یاسر عەرەفات سەرۆكی كۆچكردووی دەسەڵاتی فەڵەستین جاڕنامەی سەربەخۆیی فەلەستینی خوێندەوە.