بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا لە هەولێر، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڕیاریدا بە داخستنی یەکجارەکیی نەخۆشخانەکە و رەوانەکردنی ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پزیشکە سەرپێچیکارەکان بۆ دادگا.

دوابەدوای گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد، لەدوای ئەنجامدانی بەدواداچوونی مەیدانی لەلایەن تیمەکانی پشکنینەوە، چەند پێشێلكارییەک دیاریکراون،یەکەمیان پزیشکی نەشتەرگەریەکە هیچ رێگەپێدانێکی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە و ناوی لە لیستی میلاکی رێگەپێدراوی وەزارەتدا تۆمار نەکراوە.

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، نەشتەرگەریی فریاکەوتن لە شوێنێکدا ئەنجام دراوە کە بەشی فریاکەوتن و هۆڵی چاودێریی چڕی (ICU) لێنەبووە.

راشیگەیاند، هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان بە رەسمی لەلایەن وەزارەتەوە داخراون، بەڵام پزیشکی نەشتەرگەری، پزیشکی سڕکردن (بەنج) و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە شێوازی نارەسمی و نایاسایی چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییان ئەنجام داوە.

وەزارەتی تەندروستی جەختی کردووەتەوە، بەپشتیوانیی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2020 (تایبەت بە مافی نەخۆش) و پەیڕەوی ژمارە 16ـی ساڵی 2022، بڕیاری داخستنی یەکجارەکیی نەخۆشخانەکەی داوە و ئیدارەی نەخۆشخانەکە و ئەنجامدەرانی سەرپێچییەکەی رەوانەی دادگا کردووە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.