ناتانیاهۆ: لە ئێستادا کۆنترۆڵی %60ـی کەرتی غەززەمان کردووە
محەمەد رزگار
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
دوای ئەو گرژییانەی دوێنێ لە غەززە رویاندا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان لە کەرتی غەززە ناکشێنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی ڤیدیۆییدا لەناو خاکی غەززەوە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە و لە ئێستادا کۆنترۆڵی %60ـی رووبەری کەرتەکەی کردووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فراوانتر دەکات.
جەختیشی کردەوە، حکومەتەکەی هەوڵ دەدات کەرتەکە بکاتە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک تا هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس کرد و وتی: "دوێنێ لێپرسراوی هەواڵگریی حەماسمان دەستگیرکردووە و بێگومان زانیاریی گرنگی لێوەردەگرین".
لەلایەکی ترەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، %70ـی رووبەری کەرتی غەززە وێران بووە و هیچ تونێل و ژێرخانێکی تێدا نەماوە، بە تەواویش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدایە.
لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا داوای لە نێوەندگیرەکان کردووە زۆرترین فشار بخەنە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی لە غەززە و پابەندکردنی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.


