وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر CTG، بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکە، سەردانی بارەگای دەزگای دژەتیرۆری عیراق ICTS لە شاری بەغداد کرد و لەلایەن  فەریق روکن زەید حوشی الموسوی، لێپرسراوی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، پێشوازییان لێکرا.

مەبەستی سەردانەکە پیرۆزباییکردن بوو لە فەریق روکن زەید حوشی الموسوی، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، لە دیدارەکەدا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتیمانییەکانی.

لە دیدارەکەدا، هەردوو لا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان- CTG و دەزگای دژەتیرۆری عیراق - ICTS گفتوگۆیان کرد و جەختیان لەسەر فراوانترکردنی هاوکاریی ئەمنی، هەواڵگری و مەیدانی کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکە، سەرۆکی هەردوو دەزگای دژەتیرۆر، جەختیان لەسەر بەردەوامی و بەهێزکردنی پاڵپشتییەکان بۆ یەکدی کردەوە، بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسییەکانی تیرۆر، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عیراق.

جێی ئاماژەیە، هەردوو دامەزراوەی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری لە ماوەی تابردوودا پشتیوانێکی بەهێزی یەکتری بوون بە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی ورد و هەماهەنگیی ئەمنییان لەنێوان خۆیاندا هەبووە؛ هاوکارییەک کە رۆڵێکی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی گروپ و هەڕەشە تیرۆریستییەکان و دەستگیرکردنی داواکراوانی یاسا هەبووە.