ئاژانسی سه‌لامه‌تیی فڕۆكه‌وانیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هۆشداریەکی بەپەلەی ئاڕاسەتی  کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی کردوە و داوای لێکردون تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلولی  خۆیان لە بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق و ئێران بەدور بگرن.

دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا  و ئێران، ئاژانسی سه‌لامه‌تیی فڕۆكه‌وانیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا  رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ئاسمانی عیراق و  ئێران بۆ گەشتی فڕۆکەوانی سەلامەت نییە.

ئاژانسەکە دەڵێت؛ ئەم راسپاردەیە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی بەردەوامی مەترسییە ئەمنییەکاندا دەرچوە، بە ئامانجی پاراستنی گیانی گەشتیاران و سەلامەتیی فڕۆکە مەدەنییەکان، داواش دەکات رێگەی جێگرەوە بگرنبەر.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران و چالاكیی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وان و موشه‌كه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌رده‌وام مه‌ترسی بۆ سه‌ر هێڵه‌ ئاسمانییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان دروستده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی رێڕه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.