عیراق داوای رونكردنەوە لە ئێران دەكات سەبارەت بە هێرشەكەی سەر نوسینگەی مەسرور بارزانی، عەلی زەیدیش بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی هێرشەكەو سەرچاوەكەی پێكبهێنرێت.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عراقچی هاوتا ئیرانیەكەی ئەنجامدا و تیایدا داوای رونكردنەوەی هەڵوێستی رەسمی ئێرانی كرد لەسەر ئەو هێرشە درۆنیەی، كە لە پیرمام كرایە سەر نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی سەرسوڕمانی خۆی لە ڕوودانی هێرشێكی لەو شێوەیە دەربڕی و ڕوونیكردەوە كە هیچ زانیارییەكی نییە دەربارەی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لە خاكی ئێرانەوە.
جەختیشی كردەوە كە هیچ پاساوێك بۆ كارێك لەو شێوەیە نییە لە سایەی پەیوەندییە ئیجابی و بەهێزەكانی نێوان حكومەتی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ دوو حزبە سەرەكییەكەی هەرێم.
هاوكات عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هێرشەكەو داوای كرد لە زووترین كاتدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە، لایەنی پشت هێرشەكە و لێكەوتەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن.