چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق كۆبوونەوە
لاوان
١٧ی ئابی ٢٠٢٦
هەر چوار سەرۆكایەتیەكەی عیراق لە بەغداد كۆبوونەوە بۆ تاوتوێی رەوشی گشتی وڵات و دوایین پێشهاتە ناوچەییەكان.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختكرایەوە لە پشتیوانیكردنی بەرنامەی وزاریی حكومەت بۆ باشتركردنی ژیانوگوزەرانی هاوڵاتییان و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی رەوشی ئابووری وڵات و كەمبوونەوەی سەرچاوەی داهاتی نەوتی بەهۆی داخستنی گەروی هورمز كرا، جەختیشكرایەوە لە فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات، بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی، دەستگیركردنی گەندەڵكاران و گێڕانەوەی موڵك و ماڵی گشتی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەشدا، جەختكرایەوە لە پرۆسەی چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان و بەرەوپێشبردنی توانای سەربازی هێزە رەسمییە عیراقییەكان، جەختیشیكرایەوە، لە یەكخستنەوەی هەوڵی سەرۆكایەتییەكان بۆ تەواوكردنی كابینە وزارییەكەی حكومەت لە زووترین كاتدا.
كۆبوونەوەكە جەختیشیكردەوە، لە گرنگی كۆتایهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە و گرتنەبەری رێوشوێنی دیپلۆماسی بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان، رەتیشیكردەوە، خاكی عیراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلایكردنەوەی ململانێكی ناوچەییەكان.


