ئەحمەد داود ئۆغلو: پێشمەرگە هێزێكی دەستورییە
محەمەد رزگار
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە میانی بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیدا، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا جەختی لە رەوایەتی پێشمەرگە و پێشکەوتنی شارەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا، لە پانێڵکدا لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتیی دێڵفی رایگەیاند، خەڵكی عیراق رۆشنبیر و خۆڕاگرن و پێویستە سەركردەكانی عیراق واز لە رابردوو بهێنن.
وتیشی، پێشمەرگە هێزێکی دەستورییە و هەرێمی کوردستان بۆ هیچ لایەک هەڕەشە نییە، هەروەها داوای لە سەرکردەکانی عێراق کرد واز لە رابردوو بهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، شارەکانی سلێمانی و هەولێر لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپان، هەروەها جەختی لەوەکردەوە، پێویستە گەلان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن نەک وڵاتانی تر.
ئەحمەد داود ئۆغلو داواشیکرد، سنورەکان نەمێنن بۆ ئەوەی ئابوری شارەکان بەهێز بکرێت و ئابوری عێراقیشی بە گرنگ بۆ ناوچەکە وەسف کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێت، زۆرترین وەبەرهێنان لە سلێمانی دەکرێت، جەختیکردەوە کە پێویستە گەلان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن نەک وڵاتانی زلهێز.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، قسەكانی دوێنێی كاك بافڵ و كاك قوبادم زۆر بەدڵبوو، هەروەها قسەكانی دوێنێی كاك بافڵ و ئێمە هەرێمێكی كوردستانی بەهێزمان دەوێت، هاوکات خەڵكی سلێمانی بە چەند زمان قسە دەكەن كە ئەوە زۆر گرنگە.



