قوباد تاڵەبانی: بۆ هەمیشە شانازی بە عومەر شێخ موس و ئەگنیتاوە دەکەین
ساکۆ
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پەردەیان لەسەر پەیکەری عومەر شێخ موس و ئەگنیتا لاداوە و دەشڵێت: مایەیەی شەرەفێکی گەورەیە.
دەقی بڵاوکراوەکە:
ئەو کاتەی خۆشەویستی و خەبات بۆ ئازادی گەلی کورد ئاوێتەی یەکتر دەبن، چیرۆکێکی نوێ لەدایک دەبێت، چیرۆکی ژیانی عومەر شێخ موس و ئەگنیتا (خوشکە تارا).
ئەمیان لە شاری عامودای رۆژئاوای کوردستانەوە، بە دڵێکی شەیدا و پڕ لە خۆشەویستی کوردستانەوە و بە عەقڵ و بیرێکی کوردانەوە دەکەوێتەڕێ و سنوورە دەستکردەکان دەبڕێت و خۆی لەناو خەباتی باشووری کوردستان و لەناو دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەبینێتەوە. ئەویتریشیان بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی هاوسەرەکەی و بە بیرێکی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەوە سنووری نەتەوەکان دەبڕێت و خۆی لە چیاکانی کوردستان و لەناو ریزی خەباتکارانی کورددا دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ بە شەرەفێکی گەورەوە وەک وەفایەک پەردەمان لەسەر پەیکەری ئەو دوو هەڤاڵە خەباتکارەمان لادا. بۆ هەمیشە شانازییان پێوەدەکەین. هیوای تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ کاک عومەری سەرکردە و هاوڕێی دێرینی سەرۆک مام جەلال دەخوازین و سڵاو بۆ گیانی پاکی خاتوو ئەگنیتای کۆچکردوو دەنێرێن.


