فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عیراق لە نوسراویكدا رایگەیاند، رێککەوتون جورف سەخر بە سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی بسپێدرێت و هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە بڵاوەیانپێدەکرێت.

بە پێی نوسراێکی نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، رەزامەندی دراوە بە رێکخستنەوەی بڵاوبونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە جورف سەخر.

بە گوێرەی نوسراوەکە، کە فالح فەئاز ئیمزای کردوە،  دابەشکردنی بەرپرسیاریی پاراستنی ناوچەکە بەسەر سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزەدا دەبێت.

ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران، پێشنیاز کراوە کە گرتنەدەست و کۆنترۆڵکردنی کەرتی جروف سەخر لەلایەن پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام بدرێت، کە پێکهاتوون لە (لیوا 72 و 79 - فەوجی هێزە تایبەتەکان  و  ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی).

هەروەها هێڵی بۆری نەوت لەو ناوچەیەدا لەلایەن پۆلیسی وزەوە بپارێزرێت و پشکنینی بۆ بکرێت.

هاوکات، فەوجێکی دژەتیرۆر، کە لە سەربازگەی حامیە بونی دەبێت؛ وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و یەکلاکردنەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاوی ئەمنی.