رۆیتەرز: سەرۆکی مۆساد لە ئەمریکا داوای هێرشی هاوبەش بۆ سەر ئێران کردوە
بڵند
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، هەفتەی رابردوو لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، داوای ئەنجامدانی هێرشی هاوبەشی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، رۆمان گۆفمانی سەرۆکی موساد لەو دیدارانەدا کە لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA)دا ئەنجامیداوە، زانیارییە کۆکراوەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە ئێران و بەتایبەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رادەستی لێپرسراوانی ئەمریکا کردووە.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی مۆساد، رۆن دێرمەر، وەزیری پێشووی کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل و کەسایەتیی نزیک لە بنیامین ناتانیاهۆ، لە ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ بۆ هێرشێکی هاوبەش دژی ئێران.
بە وتەی سەرچاوەکان، ناتانیاهۆ پێی وایە دەرفەتی هەنگاوی سەربازی دژی تاران خەریکە سنوردار دەبێت و ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێک لە هێزە سەربازییە جێگیرکراوەکانی لە ناوچەکەدا بکشێنێتەوە.


