وەزیری بەرگریی عیراق: پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ سەرجەم کارمەندانی وەزارەت ئەنجامدەدەین
بڵند
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزیری بەرگریی عیراق بڕیاری ئەنجامدانی پشکنینی مادە هۆشبەرەکانی بۆ سەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکەی دەرکرد و سەرەتاش لە خۆیەوە پشکنینەکە دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نایف مکیف شەمەری، وەزیری بەرگریی عراق، بڕیاری دا بە ئەنجامدانی پشکنینی ئاشکراکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری.
یەحیا رەسوڵ عەبدوڵڵا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری بەرگریی رێنمایی داوە پشکنینەکە سەرەتا لە خودی خۆیەوە دەست پێبکات؛ بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی تایبەتمەندی بەشی بەڵگەکانی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی نمونەی خوێنیان لە وەزیر وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری بەرگریی جەختی لەوە کردووەتەوە کە مادە هۆشبەرەکان لە تیرۆر مەترسیدارترن، بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگە و داهاتووی گەنجان دەکەن.
هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، کە پێویستە بە توندی روبەڕوی ئەم دیاردەیە ببنەوە و هۆشیاری سەبارەت بە مەترسییەکانی بڵاوبکرێتەوە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و پارێزگاریکردن لە لێهاتویی و توانای دامەزراوەی سەربازی.


