سەرۆک کۆماری عیراق دەچێتە تورکیا
ئوسامە ئەبوبەکر
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی 11ـی 2026، بەسەرۆکایەتی وەفدێکی رەسمی بەرەو تورکیا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار دەڵێت، بەشداری سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسەکەدا پابەندبوونی عیراق دووپات دەکاتەوە لەپاڵپشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان و پاراستنی ژینگە و خێراکردنی گواستنەوە بۆ وزەی پاک.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک کۆمار، لە سەردانەکەدا هەریەک لە د.موسەنا ئەلتەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، یاوەری سەرۆک کۆماری عیراق دەکەن.



